یەکەم لێدوانی فەرمیی پێرێز لەبارەی داهاتووی ئەنچێلۆتییەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بۆ یەکەمجار وەڵامی ئەو دەنگۆیانە دەداتەوە، کە باس لە رۆیشتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی دەکەن لە یانەکە.
 
پێرێز دوای بردنەوەیان لە ئۆساسۆنا و بەدەستهێنانی نازناوی جامی شای ئیسپانیا قسەیکرد و گوتی "پیرۆزبایی بردنەوەی نازناوەکە لە هاندەرانی یانەکە دەکەم، بردنەوەی ئەم نازناوە هێزێکی زیاترمان پێدەدات، بەڵام کاتمان پێنادات پشوو بدەین، بەهۆی یارییەکەی بەرامبەر مانچێستەر سیتی، نازانم کێ خشتەی یارییەکانی داناوە، بەڵام دەبێت ناچاریان بکەین پێداچوونەوە بە خشتەی یارییەکاندا بکرێت."
 
فلۆرێنتینۆ هێشتا لەم بارەیەوە قسەیکرد و گوتی "نازناوەکان بە هەوڵ و قوربانیدانی زۆر بەدەستدێن، سەرەتا دەمەوێت پیرۆزبایی لە ئۆساسۆنا بکەم بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا پێشکێشیکرد و شایستەی ئەوەیە رێزی لێ بگیرێت، بردنەوەی نازناوەکە زۆر زەحمەت بوو، لە کاسێرینۆ دەستمان پێکرد، دوای ئەوەش ڤیاریال، ئاتلێتیکۆ مەدرید و بارسێلۆنا، دوای ئەوەش ئۆساسۆنا یارییەکی باشی کرد، بۆیەش جێگەی رێزلێنانە."
 
سەرۆکی ریال مەدرید لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە رۆیشتنی کارلۆ ئەنچێلۆتی لە یانەکە دەکەن گوتی "ئێمە لەگەڵ ئەنچێلۆتی زۆر دڵخۆشین، تەنانەت نامەوێت گوێم لەو هەواڵانە بێت کە باس لە رۆیشتنی دەکەن، ئەو هێشتا ساڵێک گرێبەستی لەگەڵ یانەکە ماوە."
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز لەبارەی ئاستی ڤینیسیۆس جونیۆرەوە دەڵێت "ڤینیسیۆس باشترین یاریزانە لە شوێنی خۆیدا، راگرتنی زۆر زەحمەتە، بۆیەش زۆر هەڵە دەکات و رووبەڕووی رەخنە دەبێتەوە، دوای ئەوەش کارتی زەردی پێدەدرێت."
 
سەرۆکی یانەی شاهانە ستایشی ئاستی رۆدریگۆی کرد و گوتی "رۆدریگۆ یاریزانێکی زۆر زۆرباشە، تەمەنی بچووکە و ئاستێکی بەرز پێشکێشدەکات، ئەو چەندین ساڵی خۆش بۆ مەدریدێستاکان دەهێنێت."
 
قسەکانی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید لەکاتێکدان، ماوەیەکی زۆرە ناوی کارلۆ ئەنچێلۆتی بە هەڵبژاردەی بەرازیلەوە بەستراوەتەوە، بەڵام خۆیشی زیاتر لە جارێک رایگەیاندووە، لە ریال مەدرید دڵخۆشە و پابەندی گرێبەستەکەیەتی کە لە ساڵی 2024 کۆتاییدێت.