ئەمشەوی چامپیۆنزلیگ.. پاریس سانجێرمان و ئارسیناڵ شەڕ لەسەر بلیتی دووەمی فایناڵ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

 

پەرچەکردار، ناونیشان و دروشمی ئارسیناڵە لە یارییەکەی ئەمشەودا بەرامبەر پاریس سانجێرمان.
 
ئارسیناڵ کە تەنیا چامپیۆنزلیگی بۆ ماوەتەوە تاوەکو لەپێناویدا بجەنگێت، پێویستی بەپێشاندانی پەرچەکردار هەیە لە یارییەکەی ئەمجارەدا، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکەی لەبەردەستدا نییە و ئەوە دەبێتە گرنگترین یاریی بۆ یانەکە.
 
ئارسیناڵ، هاوشێوەی پی ئێس جی، پێشتر تامی پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکەی نەکردووە، تەنیا یەکجاریش گەیشتووەتە یاریی کۆتایی و لەوێ بە بارسێلۆنا دۆڕاوە، پێویستی بەوە هەیە هەموو وزەی خۆی لە گەیشتنەوە بەیاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ خەرج بکات.
 
ئارسیناڵ کە ئەمساڵیش نەیتوانی خەونە لە مێژینەکەی کە بەدەستهێنانەوەی نازناوی پرێمەرلیگە، بکاتە راستی، دەتوانێت بەگەیشتن بەیاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، هەموو تاسە و حەسرەتێک لە دڵی هاندەرەکانیدا بسڕێتەوە و قەرەبووی ساڵانی زۆری چاوەڕوانییان بۆ بکاتەوە.
 
یارییەکە تاقیکردنەوەیەکی گەورەش دەبێت بۆ میکێل ئارتێتای راهێنەر، کە ساڵانێکی بەرچاوە سەرپەرشتی تۆپچییەکانی لەندەن دەکات و هەموو سەرەتای وەرزێک خەونی گەورە لەدڵیاندا هەڵدەچنێت، بەڵام لە کۆتاییدا دەستبەتاڵ دەگەڕێتەوە.
 
هەمووان لە ئارسیناڵ دەزانن بێئومێدی و خەمباریی لە وەرزی ئەمساڵدا گەیشتووەتە لووتکە، چونکە تیپەکە چوار ساڵی رێکە بەهیچ نازناوێک شاد نەبووە و پەتی ئارامگرتنی هاندەرەکانی خەریکە بپچڕێت.
 
ئارتێتا دەیەوێت بێئومێدی و خەمباریی یاریزانەکانی لە پاریس بگۆڕێت بۆ تووڕەییەکی رەوا، تووڕەییەک کە رێگەی گەڕانەوە بۆ تیپەکە بکاتەوە و سەرکەوتنی بەرامبەر پاریس بەئجامێک بۆ دەستەبەر بکات، خۆی لە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگدا ببینێتەوە، چونکە ئەوە تاکە وەڵامی رەوای ئەو دەبێت بۆ ئەو هاندەرانەی یانەکە کە لە کۆتایی وەرزەکەدا، دەرگای مشتومڕ و لێپرسینەوە لەو راهێنەرە و پێکهاتەکەی دەکەنەوە و نایانەوێت چیدی ژیان لە نێو بێئومێدییەکانی ئارسیناڵدا بەسەر ببەن.