یانەی هەولێر چاوی لە سێ خاڵی دیکەیە

رووداو هەولێر 

ئەمڕۆ چوارشەممە لە گەڕی 32ـی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا، یانەی هەولێر کاژێر 18:00 لەنێو یاریگەی فڕانسۆ هەریری میوانداری یانەی نەفتی میسان دەکات. 
 
یانەی هەولێر لە یاریی رابردوویدا ئاست و ئەنجامێکی گەورەی پیشاندا و توانی دوور لە خاک و هاندەرانی لە یانەی کەربەلا بباتەوە بەئەنجامی دوو گۆڵی بێبەرامبەر، بۆ یارییەکەی ئەمڕۆش تیپەکە بەسەرپەرشتی سەمیر بابۆی راهێنەر ئامادەکارییەکی زۆری کردووە و دەیەوێت ناونیشانی یارییەکە بەبردنەوەی خۆی تۆماربکات. 
 
کەیفی عەبدوڕەحمان، یاریدەدەری راهێنەری یانەی هەولێر، لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو گوتی "بەهەمان رۆحیەتی یاریی رابردوو دێینە نێو گۆڕەپان و ئەو یارییە دەبێتە تەواوکەری یاریی کەربەلا و سێ خاڵی یارییەکە بۆ ئێمەیە، دەمانەوێت سێ خاڵی یارییەکە پێشکەشی هاندەرانمان بکەین.
 
بەهۆی سزادانی یانەی هەولێر یارییەکە بەبێ ئامادەبوونی هاندەران بەڕێوەدەچێت، یاریدەدەری راهێنەری هەولێر روونیکردەوە "هاندەران بەردەوام پاڵپشتییەکی گەورەی ئێمە بوون و دەمانەوێت درێژە بدەین بەدڵخۆشیان، لەڕووی پێکهاتەوەش ئێمە ئامادەین و تەنیا گەیلان لوقمان بەهۆی بوونی کارتی سوور ناتوانێت یاری بکات". 
 
هەولێر 38 خاڵی هەیە لە پلەی چواردەی ریزبەندیی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، یانەی نەفتی میسان 43 خاڵی کۆکردووەتەوە و لە پلەی نۆیەمی ریزبەندییە.