ئاچێربی لە سەرکەوتن بەسەر شێرپەنجەوە بۆ تێکشکاندنی بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
بەرلەوەی لە دوا ساتەکانی یارییەکەدا تۆڕی یانەی بارسێلۆنا بهەژێنێت و خەونی ئەو یانەیە لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا کۆتایی پێ بهێنێت، فرانچسیکۆ ئاچێربی، بەدرێژایی کاروانی خۆی، سەرکەوتنی بەسەر رکابەرێکی بەهێزتردا بەدەستهێنابوو کە نەخۆشیی شێرپەنجەیە.
ئاچێربی لە ژیاندا دووجار تووشی شێرپەنجە بووە، هەردووجارەکە بەچۆکیدا هێنا و درێژەی بەکاروانی یارییکردنی خۆیدا کە رۆژێک لە رۆژان گەیاندییە یارییکردن بەدرێسی هەڵبژاردەی ئیتاڵیاوە.
ئەو بەرگریکەرە، وێڕای ئەو نەهامەتییانەی شێرپەنجە تووشی کرد، بەڵام ئەو نەخۆشییە ئەوی لە سەرلێشێوان و ونبوون پاراست.
ئاچێربی لە دیمەنێکی دەگمەندا، وەک هێرشبەرێک دەرکەوت و لە کۆتاییەکانی یارییەکەی دوێنێ شەودا خۆی گەیاندە ناوچەی سزای بارسێلۆنا و ئەنجامەکەی بۆ تیپەکەی کردە 3 - 3، بەرلەوەی یارییەکە بچێتە کاتی زیادکراو و ئینتەرمیلان گۆڵی چوارەمیش تۆماربکات و بگاتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
سیمۆنی ئینزاگی، راهێنەری ئینتەرمیلان دوای یارییەکە گوتی، ئاچێربی خۆی بڕیاریدا بچێتە پێشەوە و وەک هێرشبەر مامەڵە بکات، منیش رێگریم لێنەکرد، لەبەرئەوەی ئێمە هیچمان نەمابوو لەدەستی بدەین، ئەو ئاستێکی زۆر باشی لە بەرگریدا هەبوو، هەروەها گۆڵێکی یەکلاکەرەوەی تۆمارکرد.
ئاچێربی، لە ئیتاڵیا بۆ یانەکانی میلان، ساسولۆ و لازیۆ یارییکردووە بەر لە ئینتەرمیلان. ئەو لە مانگی شەشی 2013 لە کاتێکدا پشکنینی پزیشکیی لە ساسۆلۆ ئەنجامدەدا، دەرکەوت دووچاری شێرپەنجەی گونەکان بووە، نەشتەرگەریی کرد و لووی سەر گونەکانی لابرد و ئاسایی گەڕایەوە یارییکردن، بەڵام لە هەمان ساڵدا لە پشکنینی وزەبەخش دەرنەچوو و دواتر دەرکەوت کە جارێکی دیکە تووشی شێرپەنجە بووەتەوە و ئەمجارەیان ناچاربوو چارەسەری کیمیایی وەربگرێت، بەرلەوەی لە 2014 چاکبوونەوەی لە نەخۆشییەکە رابگەیێنێت.
بەرگریکارەکەی لازیۆ، لە کۆتاییەکانی 2014دا لەلایەن ئانتۆنیۆ کۆنتییەوە تەلەفۆنێکی بۆ کرا، کۆنتی ئەوکات راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بوو، پێیگوت، دەمەوێ پیرۆزبایی سەرکەوتن بەسەر نەخۆشییەکەت و ئازایەتییەکەت لێبکەم، لەگەڵ ئەوەشدا دەمەوێت پێت بڵێم کە بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی ئیتاڵیات دەکەم، بانگهێشتکردنەکە وەک پاداشتێک نییە بۆ سەرکەوتن بەسەر نەخۆشییەکەت، من مامەڵەی تایبەت لەگەڵ کەسدا ناکەم، بەڵکو لەبەرئەوەیە کە ئاستت لە یاریگەدا ناوازەیە و شایستەی پۆشینی درێسی ئازۆریت.
وێڕای بەچۆکداهێنانی شێرپەنجە، ژیان لە ئازاردانی ئاچێربی بەردەوامبوو، ئەو لە 2016 دوو خەونی هەبوو، یەکەمیان بەشداریکردن لە یۆرۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیتاڵیا و دووەمیان هاوسەرگیری لەگەڵ سیرینای کچەهاوڕێی، بەڵام ئەو لەلایەن کۆنتییەوە لە پێکهاتەی ئیتاڵیا دوورخرایەوە و دواتر لەگەڵ کچە هاوڕێکەی جیابووەوە، بەرلەوەی لەگەڵ کلۆدیای کچە هاوڕێی ئێستایدا یەکدی بناسن و پێکەوە بەردەوامبن، ئێستا دوو منداڵیان هەیە.
ئاچێربی بۆچوونێکی سەیری لەبارەی شێرپەنجەکەیەوە هەیە، ئەو دەڵێ، شتێکی سەیرە، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە شێرپەنجە رزگاریکردم و فێری کردم پیاوانە بژیم.
ئەو هەروەها دەڵێ، لەپێناو باوکمدا یارییمدەکرد، ئەو زۆر بایەخی پێدەدام، وەبەرهێنانی زۆری تێدا دەکردم، وێڕای نیازپاکییەکانی، بەڵام زیانی زۆری پێگەیاندم و ئەوەش وایکرد چیدی ویستی یارییکردنم نەبێت.
ئالمێری باوکی ئاچێربی، گیانی لەدەستدا و ئیدی ئەو یاریزانە هیچ پاڵنەرێکی نەما بۆ یارییکردن، خۆی دەڵێ، لەدوای مردنی باوکم، ئیدی کەس نەما یاریی لەپێناودا بکەم، بێگومان لەبەرخۆم یارییم نەدەکرد.
ئەمجارەیان ژیان بەباشی لەبەرژەوەندیی ئەو سووڕا، یانەی میلان هاتە سەر هێڵ و داوای ئەوی دەکرد، (ئاچێربی هاندەری میلان)بووە.
پێشبینی دەکرا ئاچێربی لەگەڵ میلاندا زوو بدرەوشێتەوە، بەتایبەت بەتایبەت کە چوونی ئەو بۆ میلان، هاوکاتبوو لەگەڵ رۆیشتنی ئەلیساندرۆ نێستا لە یانەکە و ئەو هەرزوو درێسی ژمارە 13ی یانەکەی وەرگرت، بەڵام وەکخۆی دەڵێ، "درێسەکە هیچی لە دۆخەکە نەگۆڕی".
بەرپرسانی یانەی میلان، ئەوکات هەوڵیاندا لە ژیانی شەوانەی میلانۆی دووربخەنەوە، هەربۆیە خانوویەکیان لە ناوچەی گالاراتی لە دەرەوەی شار بۆ بەکرێگرت، بەڵام کارەکە سوودی نەبوو، ئەو دەڵێ، پاڵنەرم نەمابوو، کهولم دەخواردەوە و رێزی خۆم و چواردەورەکەم، کارەکەم و بەرپرسانی کارەکەم نەدەگرت.
دوای میلان ئەو روویکردە جێنوا، پاشا کیێڤۆ و لەوێوە راپەڕینی ئەو یاریزانە دەستیپێکرد چونکە وەکئەو دەڵێ، ئەگەر ئاشکرابوونی شێرپەنجە نەبووایە، پاڵنەرەکان نەدەگۆڕان.
ئەو زیاتر گوتوویەتی، ئەگەر ئەو نەخۆشییە نەبووایە، لەوانەیە لە تەمەنی 29 ساڵیدا ئیدی لە خولی پلە دوو یارییم بکردایە، یان بەیەکجاری وازم لە یارییکردن بهێنایە.