کێشەیەکی گەورەی ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا ئاشکرادەبێت
رووداو دیجیتاڵ
چەند سەرچاوەیەکی ئیسپانی، کێشەیەکی گەورەی ناو ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا ئاشکرادەکەن کە لە کاتی یارییەکەی ئینتەرمیلان روویداوە.
سەرچاوەیەکی ئیسپانی ئەوەی خستووەتەڕوو، تێر شتیگن دوای یاریی یەکەمی بارسێلۆنا و ئینتەرمیلان، لەڕێگەی بەڕێوەبەری کارەکانییەوە داوایەکی ئاراستەی بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا کردووە بۆ ئەوەی لە یاریی دووەمدا چێزنی بکرێتە یەدەگ و ئەو گۆڵپارێزە ئەڵمانییە بەشێوەیەکی سەرەکی یاریبکات.
بەپێی سەرچاوەکە، بەڕێوەبەری وەرزشیی بارسێلۆنا داواکەی تێر شتیگنی رەتکردبووەوە و راهێنەری یانەکەش بڕیاریدابوو چێزنی بەشێوەیەکی سەرەکی یاریبکات، ئەمە وایکرد، تێر شتیگن تووڕە بێت و وەک ناڕازی دەربڕین بەرامبەر ئەو بڕیارە، لەگەڵ یانەکە نەڕواتە ئیتاڵیا و لە ئیسپانیا بمێنێتەوە.
سەرچاوەیەکی دیکەی نزیک لە یانەکە، پێش چەند هەفتەیەک گوتی، تێر شتیگن لەبەر یارینەکردنی بەرامبەر ئینتەرمیلان تووڕە بوو و لەبەر ئەوە لەگەڵ یانەکە گەشتی بەرەو میلانۆ نەکرد.
ئەمە لەکاتێکدایە، کوندێ، بەرگریکاری بارسێلۆنا، سەرەڕای پێکانەکەی، لەگەڵ یانەکە گەشتیکرد و بۆ پاڵپشتیکردنی بارسێلۆنا لە یاریگەی سان سیرۆ ئامادەبوو.
یانەی بارسێلۆنا وەک رێزێک بۆ تێر شتیگن، هیچ وردەکارییەکی ئەو کێشەیە و داواکارییەکانی ئەو گۆڵپارێزە بڵاونەکردووەتەوە و بابەتەکە وەک نهێنییەکی تایبەتی یانەکە پارێزراوە.
یانەی بارسێلۆنا وەرزی رابردوو، دوای پێکانی تێر شتیگن، بڕیاریاندا گۆڵپارێزێکی نوێ ببەنە ریزەکانی یانەکە، چێزنی، گۆڵپارێزی پۆڵەندی، لە وازهێنان گەڕایەوە و رووی لە یانەکە کرد، ئەو گۆڵپارێزە گۆڵی یانەکەی تاوەکو کۆتایی وەرز پاراست و لەو وەرزەدا یانەکە سەرکەوتوو بوو لە بردنەوەی خولی ئیسپانی، جامی ئیسپانیا و جامی سوپەر ئیسپانیا، لە چامپیۆنزلیگیش دوای دۆڕانی یانەکە بەرامبەر ئینتەرمیلان بەئەنجامی 7-6 بە کۆی دوو یاری، لە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە ماڵئاوایی کرد.