تەکنەلۆژیایەکی نوێ لە مۆندیالی یانەکان بەکاردەهێنرێت

رووداو دیجیتاڵ
بەشێوەیەکی فەرمی، لە مۆندیالی یانەکان تەکنەلۆژیایەکی نوێ لەلایەن ناوبژیوانانەوە بەکاردەهێنرێت و ئامانج لێی بەرچاوڕوونی زیاتری هاندەرانە دەربارەی بڕیارەکان.
 
دوای رەزامەندی ئەنجوومەنی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی، ناوبژیوانان، لە یارییەکانی مۆندیالی یانەکانی 2026، کامێرایەک دەبەستن بۆ ئەوەی بینەر بتوانێت لە دیدگای ئەوانەوە حاڵەتەکان ببینێت و بەرچاوڕوونییەکی زیاتر ببەخشێت.
 
بەپێی سەرچاوەیەک، بینەرانی یاریگە دەتوانن لەڕێی شاشەی یاریگەکەوە بینەری دووبارەکردنەوەی حاڵەتەکان بن لە کامێرای ناوبژیوانەوە و لە کاتی بڕیاردانیش، هەمووان دەتوانن لە دیدگای ناوبژیوانەوە سەیری حاڵەتەکان بکەنەوە و گوێبیستی قسە و گفتوگۆی نێوان ناوبژیوانی سەرەکی و ژووری ڤار بن.
 
بەکارهێنانی ئەو تەکنەلۆژیا نوێیە وا لە یارییەکان دەکات بەشێوەیەکی دادپەروەرانە و روونتر بەڕێوەبچن و گومانەکان لەسەر ناوبژیوانان کەمتر ببنەوە، بەتایبەت دوای حاڵەتە مشتومڕهەڵگرەکانی وەرزی رابردوو لە خولەکانی ئەورووپا و چامپیۆنزلیگ، کە بوونە هۆی گلەیی بەشێک لە یانەکان.
 
لە جامی ئینتەرکۆنتینێنتاڵی رابردوو، فیفا یاسایەکی نوێی جێبەجێکرد و ناوبژیوانانی پەیوەستکرد بەوەی دوای هەر بڕیارێکی ڤار، لەڕێگەی بڵندگۆوە بڕیارەکەیان بۆ بینەران و یاریزانەکان روونبکەنەوە و دەکرێت ئەم تەکنەلۆژیایە تەواوکەری ئەوە بێت.
 
دەکرێت بۆ بابەتی پەروەردەیی و بۆ بەکارهێنانی لە ئەکادیمیاکانی تایبەت بە ناوبژیوانان، سوود لە ڤیدیۆ تۆمارکراوەکانی ناوبژیوانەکان ببینرێت.
 
جگە لە تۆپی پێ، پێشتر ئەو تەکنەلۆژیایە لە رەگبی و تۆپی پێی ئەمریکی بەکارهاتووە.