یوسف ئەمین لە رێگەی رووداوەوە وردەکاری گفتوگۆکەی لەگەڵ ناچۆ ئاشکرا دەکات
رووداو هەولێر
یوسف ئەمین، تاکە ئەستێرەی کورد لە خولی رۆشنی سعودی لە رێگەی رووداوەوە وردەکاریی گفتوگۆکەی لەگەڵ ناچۆ، فێرناندێز، بەرگریکاری پێشووی یانەی ریال مەدرید و کاپتنی یانەی قادسیەی سعودی ئاشکرا دەکات.
ئەو ئەستێرە کوردە لەدایکبووی ساڵی 2003ـی ئەڵمانیایە، بەڵام خەڵکی باشووری کوردستان و دەڤەری گەرمیانن. ئەو سەرەتا لە ئەکادیمیای یانەی ڤیکتۆریا کۆڵن پێگەیشتووە. ساڵی 2022 چووەتە یانەی فاینۆردی هۆڵەندی، دواتر بۆرووسیا دۆرتمۆند و پاشانیش یانەی وەحدەی سعودی.
یاریکردن لە خولی رۆشنی سعوودی گەشانەوەیەکی دیکەی یوسف ئەمین بوو، ئاستێکی بەرزی لە یارییەکان پێشکەشکرد و بەرامبەر هەریەک لە کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ناچۆ هێرناندز، سالم دۆسەری و دەیان گەورە ئەستێرەی دیکە یاریکرد.
لە یاری یانەی وەحدە و یانەی قادسیە یوسف ئەمین قسە لەگەڵ ناچۆ فێرناندێز، ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا و یانەی ریال مەدرید دەکات، ناچۆ لە یانەی قادسیە یاریدەکات، ئەستێرە کوردەکە داوای درێسەکەی لێدەکات، بەڵام ئەوکات دەرفەت نابێت درێسەکەی وەربگرێت و ناچۆ دواتر پەیوەندی بە یوسف ئەمین دەکات.
یوسف ئەمین، لەبارەی ئەو رووداوەوە بە رووداو گوت "لە یارییەکەدا لەگەڵ ناچۆ فێرناندێز قسەمکرد و داوای درێسەکەیم کرد، بەهۆی ئەوەی لەو یارییەدا گۆڵم نەکرد و لە نیوەی دووەمدا دانیشتم، زۆر توڕەبووم و راستەوخۆ چوومە ژووری جلگۆڕین ئەوکات درێسەکەم لێوەرنەگرت، دوای ئەوەی گەڕامەوە ماڵەوە ناچۆ لە رێگەی ئینستاگرامەوە پەیامی بۆ ناردم و داوای ناونیشانەکەمی لێکردم و درێسەکەی بۆ ناردم."
یوسف سالی 2023 بانگهێشتی ریزەکانی هەڵبژاردەی لاوانی عێراق کرا و بەشداریی لە مۆندیالی خوار 20 ساڵاندا کرد. لە 16ی مانگی یانزەی ساڵی 2023 یەکەم یاریی خۆی بەدرێسی هەڵبژاردەی یەکەمی عێراقەوە ئەنجامدا و لە دوایین یاریی عێراقیش لە پاڵاوتنەکانی گەیشتن بەمۆندیالی داهاتوو یەکێک بوو لە ئەستێرە سەرەکییەکان.
ئەمین زیاتر روونیکردەوە "هەستێکی زۆر خۆشم هەیە بەرامبەر ئەو سادەیی و هەڵوێستە جوانە گەورە ئەستێرەیەکی وەک ناچۆ، بەراستی رۆژانێک لە شاشەکان ئەو ئەستێرانەم دەبینی لە ریال مەدرید یارییان دەکرد، ئێستا یارییان لەگەڵ دەکەم و بۆ من ساتێکی لەبیر نەکراوە ".
یانەی وەحدەی سعوودی ماڵئاوای لە خولی رۆشن کرد، یوسف ئەمین، وەرزی داهاتوو لەگەڵ ئەو یانەیە بەردەوام نابێت، بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو یانەی ریاز هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ بەدەستهێنانی یاریزانە کوردەکە، جیا لە یانەی ریاز چەند یانەیەکی ئەوروپاش قسەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی یوسف ئەمین کردووە.
یوسف ئەمین، لەبارەی داهاتووی خۆی و یاریکردنی جەختیکردەوە "یانەی ریاز داوای گرێبەستیان لێکردووم، چەند یانەیەکی دیکەش لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەوروپا قسەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانم کردووە، بەڵام جارێ تەنیا قسە و گفتوگۆیە، من لە پشوودام و لەگەڵ ماڵباتەکەمم لە ئەڵمانیا لە چەند هەفتەی داهاتوو بڕیاری کۆتایی دەدەم".
لە ئەگەری پەیوەندیکردنی یوسف ئەمین بە یانەی ریازەوە، ئەو یاریزانە دەبێتە دووەم یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق یاری بۆ یانەکە بکات و وەرزی داهاتوو هاوشانی ئیبراهیم بایش درێسی یانەکە دەپۆشێت.