خەریکە بارسێلۆنا یاریزانێکی دیکە لەدەست دەچێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرەڕای ئەوەی یانەی بارسێلۆنا گرنگی بە تواناکانی دەدات و دەیەوێت بیباتە ریزەکانی، بەڵام راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی دەڵێت "لویس دیاز لەگەڵ یانەیەکی دیکە رێککەوتووە."
یانەی بارسێلۆنا ماوەیەکی زۆرە گرنگی بە تواناکانی لویس دیاز، ئەستێرەی کۆڵۆمبی و یانەی لیڤەرپوول دەدات، بەتایبەتیش دوای ئەوەی یانەکە هەلی گواستنەوەی نیکۆ ویلیامزی لەدەستدا.
سەرەڕای ئەوەی یاریزانەکە ویستی یاریکردنی بۆ بارسێلۆنا هەیە، بەڵام رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی دەڵێت "لویس دیاز لەگەڵ یانەی بایرن میونشن گەیشتووەتە رێککەوتنی سەرەتایی و ئەو یاریزانە پەیوەندی بە یانە باڤارییەکەوە دەکات."
هەردوو یانە رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی یاریزانە کۆڵۆمبییەکە دەکەن، لیڤەرپوولیش لە ئەگەری فرۆشتنی یاریزانەکە دەیەوێت پارەیەکی زۆری دەستبکەوێت.
لویس دیاز، تەمەنی 28 ساڵە، گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەی لیڤەرپوول لە هاوینی 2027 کۆتاییدێت، نرخەکەی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا دەگاتە 70 ملیۆن یۆرۆ.
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، بەڕێوەبەری کارەکانی لویس دیاز بە بارسای گوتووە، لیڤەرپوول دەیەوێت ئەو یاریزانە بفرۆشێت، بەڵام بە پارەیەکی زۆر بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی هاوینەدا کار بۆ گرێبەستی دیکە بکات.
جگە لەوەش یاریزانەکە هیچ مەرجێکی قورسی نییە و وەکو نیکۆ ئەو مەرجەی نەخستووەتە بەردەم یانەکە بۆ ئەوەی هەرچی زووە ناوی تۆماربکرێت، یان ئەگەر تۆمار نەکرێت رێگەی بدات بە خۆڕایی لە یانەکە بڕوات، بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمەشدا خەریکە بارسێلۆنا هەلی گواستنەوەی یاریزانەکە لەدەستدەدات، دوای ئەوەی بایرن میونشن بۆ گواستنەوەی هاتە سەر هێڵ.
بارسێلۆنا پێشتر دوو دەستەوارەی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە پێشکێشی لیڤەرپوول کردووە، بەڵام هەردووکیان لەلایەن یانە ئینگلیزییەکەوە رەتکراونەتەوە.