"پاسەوانەکەی نێو یاریگای مێسی" لە لالیگاوە دەچێتە ئینتەر مەیامی



رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکی، لە هەوڵێکی نوێدا بۆ رازیکردنی لیۆنێل مێسی ئەستێرەی ئەرجەنتینی بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی، چاوی لە گواستنەوەی رۆدریگۆ دی پۆڵ، هاوڕێ نزیکەکەی مێسی و ئەستێرەی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە.


ئینتەر مەیامی هەنگاوی کرداری دەنێت بۆ ئەوەی مانەوەی مێسی لە خولی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی درێژتر مسۆگەر بکات. بەپێی نوێترین راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، یانە ئەمریکییەکە ئارەزووی پێشکەشکردنی دەستەوارەیەک دەکات بۆ گواستنەوەی رۆدریگۆ دی پۆڵ، کە یەکێکە لە نزیکترین هاوڕێکانی مێسی لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.

یانەی ئاتلێتیکۆ مەدرید نرخی فرۆشتنی دی پۆڵی بە 17 ملیۆن دۆلار دیاری کردووە. رۆژنامەیەکی ئەمریکی بڵاوی کردووەتەوە کە خۆرخێ ماس، خاوەنی یانەی ئینتەر مەیامی، لە ئێستادا لە مەدریدە، ئەمەش ئاماژەیەکی روونە بۆ جیددیبوونی یانەکە لەم گواستنەوەیەدا.

دی پۆڵ، کە تەمەنی 31 ساڵە و هێشتا لە لوتکەی ئاستیدایە، ئەگەر بچێتە ئینتەر مەیامی ئەوا دەبێتە هێزێکی گەورە بۆ هێڵی ناوەڕاستی یانەکە. ئەو بە یەکێک لە باشترین یاریزانانی هێڵی ناوەڕاست لەسەر ئاستی جیهان دادەنرێت و لەگەڵ مێسی جامی جیهانی 2022ـی قەتەریان بەدەستهێناوە، هەروەها وەک یەکێک لە باشترینەکانی وەرزی لالیگا دەستنیشان کراوە.

سەرەڕای هەوڵەکان، ئەم گواستنەوەیە رووبەڕووی چەند ئاستەنگێک دەبێتەوە. یەکەم، یاسا توندەکانی گواستنەوە لە خولی ئەمریکا کە پێشتریش ئینتەر میامی سکاڵای لێکردبوو لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی نەیمار و کیڤن دی برۆین.

دیێگۆ سیمیۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، نایەوێت دەستبەرداری دی پۆڵ بێت و دەیەوێت یاریزانەکە تا کۆتایی گرێبەستەکەی لە ساڵی 2026 لە یانەکە بمێنێتەوە.

لەگەڵ ئەوەشدا، راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە لەوانەیە دی پۆڵ وەک جێگرەوەیەکی درێژخایەن بۆ سێرجیۆ بوسکێتس سەیر بکرێت.