ئەگەر نیوەی راول گۆنزالێس بکەم، لە خەون زیاتر دەبێت بۆم
رووداو دیجیتاڵ
گۆنزالۆ گارسیای ئەستێرەی لاوی ریال مەدرید، خەریکە خەونەکانی لەگەڵ یانە شاهانەکەدا دەکاتە راستی، دوای ئەوەی بە تۆمارکردنی چوار گۆڵ لە جامی جیهانیی یانەکاندا، هەمووانی بەخۆی سەرسامکردووە و بە راولی ئەفسانەی یانەکە بەراورد دەکرێت.
هێرشبەرە 21 ساڵانەکە، کە یەکێکە لە دەرچووانی ئەکادیمیای کاستیای ریال مەدرید، لە جامی جیهانیی یانەکاندا ئاستێکی بێوێنەی پێشکەشکردووە و لە 5 یاریدا 4 گۆڵی تۆمارکردووە، لەنێویاندا گۆڵێکی یەکلاکەرەوەی بەرامبەر بۆرووسیا دۆرتموند لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا تۆمارکردووە. ئاستە بەرزەکەی گارسیا یارمەتیدەر بوو تاوەکو لۆس بلانکۆس بلیتی قۆناخی پێش کۆتایی بەرامبەر پاریس سانجێرمانی پاڵەوانی چامپیۆنزلیگ لە نیوجێرسی مسۆگەر بکات.
گارسیا لە لێدوانێکدا بۆ میدیاکان شانازیی خۆی بەو بەراوردکارییە نیشاندا و رایگەیاند: "هاندەران بە راول بەراوردم دەکەن، کە ئەفسانەیەکی یانەکەیە. ئەگەر بتوانم نیوەی ئەوەی ئەو بەم درێسەوە کردی بیکەم، ئەوا لە خەونێک زیاتر دەبێت بۆم".
ئەو دەڵێ:"من کارمکردووە و چاوەڕێی دەرفەتێک بووم، بەڵام لە خەونیشمدا بیرم لە شتێکی وا نەدەکردەوە. هەست بە گوشارێکی زۆر ناکەم. من راهێنانم کردووە و چاوەڕێی ئەم ساتە بووم".
گارسیا هەروەها ستایشی کیلیان ئێمباپێی هاوتیمی دەکات و دەڵێت: "راهێنەر، یاریزانان و ستافەکە متمانەیەکی زۆرم پێدەدەن. کیلیان... با بڵێین باشترین یاریزانی جیهانە. هەست بە بەختێکی زۆر دەکەم کە لە یاریگا و راهێنانەکاندا لەگەڵیدام و لێیەوە فێردەبم."
ماوەیەکی زۆرە ریال مەدرید بەدوای هێرشبەرێکی گۆڵکاری دەرچووی ئەکادیمیاکەی خۆیدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی شوێن پێی راولی ئەفسانەیی هەڵبگرێت، دەرکەوتنی گۆنزالۆ هاندەرانی یانەکەی دڵخۆشکردووە و پێیانوایە دەکرێت وەڵامی کێشەی نەبوونی هێرشبەرێکی کلاسیک بێت لە یانەکەیاندا.
گارسیا ئێستا لە پێشبڕکێی گۆڵکارانی پاڵەوانێتییەکەدایە و بە 4 گۆڵ شانبەشانی مارکۆس لیۆناردۆ، سێرهو گیراسیی و ئەنخێل دی ماریای ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید و یاریزانی ئێستای بەنفیکا یەکسانە.
بڕیارە رۆژی چوارشەممە، ریال مەدرید لە یاریی قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالی یانەکاندا رووبەڕووی پاریس سانجێرمان ببێتەوە. گارسیا دەرفەتێکی زێڕینی لەپێشە بۆ بردنەوەی خەڵاتی پێڵاوی زێڕینی پاڵەوانێتییەکە، چونکە دی ماریا، گیراسی و لیۆناردۆ لە پاڵەوانێتییەکە کراونەتە دەرەوە و گۆڵێکی دیکە دەتوانێت نازناوەکەی بۆ مسۆگەر بکات.