ڤیدیۆ ؛ چیرۆکی بزنەکەی کۆڵن
رووداو-هەولێر
یانە وەرزشییەکان و تەنانەت یاریزانەکانیش هەمیشە هێمایەک بۆخۆیان هەڵدەبژێرن یانیش ناویان بەوەوە دەزڕێت، جا زۆربەی کاتیش ئاژەل و گیانەوەرەکان پشکی شێریان بەرکەوتووە.
رەنگە زانیبێتت کە یانەی کۆڵنی ئەڵمانی لەسەر لۆگۆی یانەکە وینەی بزنێک هەیە، بەڵام بەرێژەیەکی زۆر تا ئێستا بزنێکتان نەبینیوە لە نێو یاریگەی یانەکە!
بزنی هێنس، ئەو بزنەی کە بە هێمای یانەکە ناسراوە و ماوەی 69 ساڵە بە بەردەوامی لە هەموو یارییەکانی یانەی کۆڵنی ئەڵمانیدا لە نێو یاریگەدا دەبینرێت و هەمووان رێزێکی یەیەکجار زۆری ئەو بزنە دەگرن.
یانەی کۆڵن وەرزی رابردوو گەڕایەوە بۆ خولی پلەیەکی بوندێسلیگای ئەڵمانیا و وەرزی رابردوو پاڵەوانی خولی پلە دووەکان بوو، دنیا بوو ئەگەر ئەمجارە بەرێککەوتیش بێت سەیری یارییەکی یانەی کۆڵنتان کرد لە یاریگەی خۆیدا، بۆ بزنێک بگەڕێن کە لەوێ دانراوە ئەو بزنە ناوی هێنسییە.
هێنسی هەشتەم، واتا نەوەی هەشتەمی هێنسی بەر لە چەندرۆژێک بەفەرمی وازهێنانی راگەیێندرا، چونکە تووشی نەخۆشی ئێسکە نەرمەبووە و کێشەی لە بڕبڕەی پشتیدا هەیە، شوێنەکەی ئەو چۆڵ نابێت، بەڵکو راستەوخۆ بزنی هینسی ڤیل جێگەی گرتەوە.
بۆچی ناویان لێناوە هێنس، یانیش ئەسڵەن بۆچی بزنێک بووەتە هێمای یانەیەک ؟ هۆکارەکەی بۆ ساڵیادی دووەمی دامەزراندنی یانەکە دەگەڕێتەوە کاتێک هەردوو خاوەنی یانەکە کە ژن و مێردێک بوون، بزنێکی بچووکیان کردە دیاری بۆ یانەکە وەک هێمایەک بۆ هێنانی بەختی باش.
لە ساڵی 1978 ئەو کاتەی یانەی کۆڵن بووە پاڵەوانی ئەڵمانیا، تیپی میوزیکی دێ هۆرنی ئەڵمانی گۆرانییەکیان بۆ بزنەکەی کۆڵن گوت کە ئەوکات هینسی چوارەم لە ژیاندا بوو.