ڤیدیۆ؛ سابالێنکا بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک بووە پاڵەوانی ئەمریکا
رووداو دیجیتاڵ
ئاریانا سابالێنکای بێلارووسی بۆ ساڵی دووەم لەسەریەک نازناوی پاڵەوانێتی کراوەی ئەمریکای بەدەستهێنا.
لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا، سابالێنکای پێشەنگی ریزبەندی جیهان لەسەر ئاستی خانمان رووبەڕووی ئامانجا ئانیسیمۆڤای ئەمریکی بووەوە، تێنسزانە بێلارووسییەکە بێ ئاگا لەوەی یارییەکە لەنێو خاک و هاندەرانی رکابەرەکەیەتی، بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و هەر زوو لە کۆمەڵەی یەکەمدا بە شەش سێ پێشکەوت.
لە کۆمەڵەی دووەمدا، ئاستی هەردوولا لە یەکدییەوە نزیکبوو و زۆرینەی کاتەکان گێم بە گێم دەیانبردەوە، تاوەکو یارییەکە گەیشتە تای برێک.
سابالێنکا کەمتر هەڵەی کرد و بە حەوت شەش ئەو کۆمەڵەیەشی بردەوە و بە کاژێرێک و 34 خولەک یارییەکەی تەواوکرد و بووە پاڵەوان.
ئاریانا سابالێنکای 27 ساڵ، ئەمە ساڵی دووەمە لەسەریەک نازناوەکە دەباتەوە، پارێزگاریی لە نازناوەکەی و پێشەنگی ریزبەندی جیهان کرد، جگە لەوەش بووە یەکەم خانمە یاریزان لە دوای سێرینا ویلیامز و ساڵی 2014ـەوە دوو ساڵ لەسەریەک نازناوەکە بباتەوە و 5 ملیۆن دۆلاریشی وەکو خەڵاتی دارایی پاڵەوانێتییەکە وەرگرت.