ئەڵمانیا لەبەردەم مەترسیدایە و نایگێلسمان لە لێواری دەرکردندا


رووداو دیجیتاڵ

یولیان نایگێلسمان، چارەنووسی خۆی و هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە رێگەی گەیشتن بەمۆندیالی 2026 دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورە، کاتێک ئەمشەو لە کۆڵن رووبەڕووی ئێرلەندای باکوور دەبێتەوە. ئەڵمانیا لەبەردەم دووڕیانێکی چارەنووسسازدا دەبێت، راهێنەرەکەشی بەهەمان شێوە.
 
سەرەتای کاروانی ئەڵمانیا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو، نموونەیی نەبوو، هەڵبژاردەکە لە براتیسلاڤا بە دووگۆڵی بێبەرامبەر دۆڕا و ئەوەش دەستپێکێکی لەناخۆش ناخۆشتربوو بۆ ئەڵمانییەکان.
 
ئەڵمانیا کەمجار رووبەڕووی دۆخی لەو شێوەیە بووەتەوە، سێ شکست لەسەریەک، هەڵبژاردەکە لە هاویندا دۆخێکی باشتری نەبوو، بەرامبەر فەرەنسا و پۆرتوگال لە نەیشنسلیگ دۆڕا و شکستەکەی سلۆڤاکیا هەمووانی بەئاگا هێنا لەوەی، ئەوەی روودەدات شکستێکی راگوزەر نییە.
 
دوای شکستەکە، میدیای ئەڵمانیا گوشاری زۆریان لەسەر راهێنەری هەڵبژاردەکە دروستکرد، ئەو کەوتە بەر شەپۆلی ناڕەزایەتیی و رەخنەی زۆری هەمووان، چونکە تیپەکە سەرلێشێواو و دوور لە ریتمی خۆی دەرکەوت، یولیانیش ئەوە لە سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەدا ماوەتەوە، تا ئیدی هیچ بیانوویەکی بەدەستەوە نەمێنێت.
 
راهێنەری ئەڵمانیا، هەرزوو هەستی بەدۆخە خراپەکە کرد، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پێش یارییەکەدا روونیکردەوە کە گۆڕانکاریی زۆر لە تیپەکەدا ناکات، بەڵام لەسەر ئاستی یاریزانان، هەندێک گۆڕانکاریی دەبێت". ئەو گوتی "دەبێ ئاستمان باشتر بکەین".
 
یولیان کە پەیوەندییەکی باشی لەگەڵ یاریزانەکانی هەیە، ئاشکرایکرد دوای شکستەکە قسەی لەگەڵ یاریزانەکانی کردووە، هەندێک شتی بۆ روونکردوونەتەوە و دەڵێ، "لێکۆڵینەوەمان لەوە کرد کە دەکرێ لە یارییەکەدا چاوەڕێی بکەین".
 
راهێنەری ئەڵمانیا پێیوایە، لە یارییەکەی ئەمشەودا تیپەکەی زۆر ناگۆڕێت، بەڵام لەسەر ئاستی یاریزانان هەندێک گۆڕانکاری روودەدەن.
 
ئەو هێشتا بڕوای بەوە هەیە کە دەبێ رێگە بەئازادبوونی زیاتری یاریزانەکانی بدات لە یاریگەدا، "وەک راهێنەر دەبێ هەندێک شت ببەخشیت بەیاریزانەکانت کە رێگەیان بدات ئازادانەتر یاریی بکەن، پێویستمان بەیاریزان هەیە کە لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێن".
 
ئەو رەخنەی لەکاردانەوەی یاریزانەکانی هەبوو پاش شکستەکە و گوتی، "سۆزیان نەبوو، چەندین میل لە ئاستی باشەوە دووربوون".
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا، سێرج گنابری توانای بەشداریکردنی دەبێت و ئەوەش پاڵنەرە بۆ یولیان و یاریزانانی دیکە تاوەکو ریتمەکە بەرەو پێش ببەن و ئاستەکە بگۆڕن.
 
ئەوەی خاڵی سەرەکییە لە گرێژنە دەرچوونی ئاراستەی رووداوەکان لەژێر دەستی یولیان نایگێلسمان، پێکانە زۆرەکانی یاریزانەکان و دوورکەوتنەوەیانە. لەگەڵ گۆڕانکاری لە پێکهاتە سەرەکییە.
 
یولیان ئەمجارە هەریەکە لە گوندۆگان و سانێی دوورخستەوە. ناچاربوو دەست لە کای هاڤێرتز هەڵبگرێت بەهۆی پێکانەوە، لە کاتێکدا پەنا دەباتە بەر یاریزانانی وەک فلۆریان ڤێرتز و رۆدیگێر کە ئاستیان زۆر دوورە لەوەی لە پێشتردا پێیەوە دەرکەوتوون.
 
هەموو کێشەکانی نایگێلسمان، نابنە پاکانەهێنەر بۆی، ئەگەر ئەمشەو ئاستێکی باش و لانیکەم بردنەوەیەکی دڵخۆشکەر پێشکێشی هاندەرەکانی نەکات.