ئەیاد زێباری: یانەی ئاکرێ ستەمی لێکردم
رووداو دێجیتاڵ
ئەیاد زێباری، لە دوای 11 ساڵ یارییکردن بۆ یانەی ئاکرێ، بەفەرمی ریزەکانی یانەی ئاکرێی بەجێهێشت و لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "ستەمم لێکرا لەلایەن ئەو یانەیەی کە 11 ساڵە خزمەتی دەکەم".
یانەی ئاکرێ، دەستی بە ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ کردووە و بڕیاریداوە ئەو یاریزانانەی کە راهێنەر و دەستەی کارگێڕیی پێیانوایە بۆ تیپەکەیان پێویستن گرێبەستەکانیان بۆ درێژ دەکەنەوە و ئەوانەشی کە بەپێویستی نازانن کۆتایی بە گرێبەستەکانیان دەهێنن.
ئەیاد زێباری، تەمەن 30 ساڵان، یەکێکە لەو یاریزانانەی کە یانەی ئاکرێ دەستبەرداری بووە. ئەو رەخنەی لەو هەڵوێستەی یانەکە هەیە و پێیوایە ستەمی لێکراوە.
ئەیاد لە لێدوانێکیدا بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "بەحەزی من بووایە هەتاوەکو کۆتایی ژیانی وەرزشیم لە ئاکرێی بوومایە، چونکە لەوێ دەستم پێکردووە و دەمویست هەر لەوێش وازبهێنم، بەڵام تووشی شۆک بووم کاتێک یانەکەم پێیگوتم 60٪ـی مووچەکەت کەمبکەرەوە، ئینجا گرێبەستەکەت بۆ نوێ دەکەینەوە، ئەگەرنا ئەوە دەرگە کراوەیە و دەتوانیت یانەکە بەجێبهێڵیت".
زێباری، لەسەر ئەم هەوڵوێستەی یانەکەی زیاتر، گوتی "من ئامادەبووم تەنانەت 25٪ــی مووچەکەم کەمبکەمەوە بەڵام ئەوەی ئەوان داوایان دەکرد رەوا نەبوو، نەمدەتوانی قبوڵی بکەم، چونکە یاریزانیان هێناوە بە 22 ملیۆن و 24 ملیۆن، بەڵام پێیان زۆر بوو مووچە و گرێبەستی ئێمەو مانان بەتەواوی بدەن، چونکە هەر ئێمە بەوەفاین بۆ یانەکە".
ئەو زیاتر گوتی "هێشتا مووچەی وەرزی رابردوومان لەلایان ماوە، هێشتا ئامادە بووم لەوەش خۆش بم بەس بۆ ئەوەی بمێنمەوە".
ئەیاد زێباری، ماوەی 11 ساڵە بەرگری لە درێسی یانەی ئاکرێ دەکات و خاوەنی نازناوی خولی نایابی کوردستان و جامی سوپەری کوردستانە لەگەڵ ئەو یانەیە.