پێکهاتەی عێراق راگەیێنرا و 4 یاریزانی کورد سەرەکین
رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق دەیەوێت نازناوی جامی شای تایلەند بباتەوە، کاتێک لە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکەدا بەرامبەر میوانداری پاڵەوانێتییەکە یاری دەکات.
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 16:00 یاریی کۆتایی جامی شای تایلەند بەڕێوەدەچێت، هەردوو هەڵبژاردەی تایلەندی میوانداری پاڵەوانێتییەکە و عێراق رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
عێراق لە یاریی رابردوودا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک سەرکەوتنی بەرامبەر هەڵبژاردەی هۆنگ کۆنگ بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەوەی سەرەتا دواکەوت، هەڵبژاردەی تایلەند سەرکەوتنێکی گەورەی بە چوار گۆڵی بێبەرامبەر بەدەستهێنا و لە هەڵبژاردەی فیجیی بردەوە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی عێراقدا بۆ ئەم پاڵەوانێتییە پێنج یاریزانی کورد بانگهێشتکراون، ئەوانیش مێرخاس دۆسکی، یوسف ئەمین، شێرکۆ کەریم، ئوسامە رەشید و مارکۆ فەرەجن، پێکهاتەی هەڵبژاردەی عێراق بۆ یارییەکە راگەیێنراوە، هەریەکە لە مێرخاس دۆسکی، شێرکۆ کەریم، یوسف ئەمین و مارکۆ فەرەج لە پێکهاتەی سەرەکیدان.
عێراق بە ئامانجی خۆ ئامادەکردنێکی باش بۆ دوایین پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 بەشداریی لە پاڵەوانێتییەکەدا کردووە و دەیەوێت بەبردنەوەی نازناوەکە تیپەکەی باشتر ئامادەبکات.
رۆژی 11ـی مانگی داهاتوو لە یەکەم یاریی دوایین پاڵاوتنەکاندا عێراق میوانداریی ئیندونیزیا دەکات، دوای سێ رۆژ لەو یارییە بەرامبەر سعودیە یاری دەکات.