پێرێز بە بڕیارێک ڤینیسیۆس شۆک دەکات
رووداو دیجیتاڵ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید بە بڕیارێکی چاوەڕواننەکراو ڤینیسیۆس جونیۆر تووشی شۆک دەکات، کە بڕیارەکە پەیوەستە بە داهاتووی ئەستێرە بەرازیلییەکە لەگەڵ یانەی شاهانە.
داهاتووی ئەستێرەی بەرازیلی ڤینیسیۆس جونیۆر جێگەی سەرنجی هەمووانە لەناو و دەرەوەی یانەکەدا. دۆسێیەی نوێکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە گەنجەکە زیاتر ئاڵۆز دەبێت، ئەمەش وایکردووە چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا وەڵامی چەند پرسیارێک بداتەوە سەبارەت بە دۆخی ڤینیسیۆس.
چابی ئەلۆنسۆی راهێنەر متمانەی زۆری بە ڤینیسیۆسە و رایگەیاند کە یاریزانەکە توانای پێشکێشکردنی وەرزێکی بەهێزی هەیە. هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە هەرچەندە لەم دواییانەدا ئاستێکی ناجێگیری هەبووە، بەڵام هەر وەک توخمێکی سەرەکی لە پلانی تیپەکەدا دەمێنێتەوە، بەڵام پرسی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە ناوەڕاستی گفتوگۆ بەردەوامەکاندا بەهەڵواسراوی ماوەتەوە، ئەمەش نیگەرانی لای کارگێڕیی ریال مەدرید دروستکردووە، کە نایانەوێت چاوەڕێی کۆتاییهاتنی گرێبەستەکەی لە ساڵی 2027 بکەن بەبێ یەکلاییکردنەوەیەکی روون.
بەپێی سەرچاوەکانی نزیک لە یانەکە، کارگێڕیی ریال مەدرید بەسەرۆکایەتی فلۆرێنتینۆ پێرێز بیر لە چەندین بژاردە دەکاتەوە، لەوانە رێگەدان بە رۆیشتنی ڤینیسیۆس لە هاوینی 2026 ئەگەر پرسی نوێکردنەوەکە بەپێی ئەو مەرجە داراییانەی یانەکە دیاریکردووە یەکلایی نەکرێتەوە. ئەم سیناریۆیە بیرهێنەرەوەی ئەو سیناریۆیەیە کە لە رابردوودا بەسەر رافایێل ڤارانی بەرگریکاری فەرەنسی یانەکەدا هات.
لە ئەگەری بەردەوامبوونی پەککەوتنی گفتوگۆکان، یانەکە پلانی هەیە بەهای ڤینیسیۆس بۆ 180 ملیۆن یۆرۆ بەرزبکاتەوە، لەگەڵ ئەگەری کەمکردنەوەی نرخەکە بۆ 140 تاوەکو 150 ملیۆن یۆرۆ لە نزیک کۆتایی گرێبەستەکەی. ئەمەش وایکردووە یانەکانی وەک مانچێستەر یونایتد و نیوکاسڵ بەوردی چاودێری دۆخەکە بکەن، بۆ ئەوەی ئامادەبن بۆ قۆستنەوەی دەرفەتی گواستنەوەی یاریزانەکە لە ئەگەری خستنەبازاڕی بۆ فرۆشتن.
دۆسێیەکە کراوەیە و هەمووان چاوەڕێی ئەوەن بزانن مانگەکانی داهاتوو چی بەسەر داهاتووی یەکێک لە دیارترین ئەستێرەکانی ریال مەدریددا دەهێنن.