تایبەت بە رووداو سپۆرتس؛ هەواڵێکی خۆش بۆ وەرزشڤانانی هەموو کوردستان

 
رووداو دیجیتاڵ

فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بۆ هەرێمەکان (کۆنیفا)، بەشێوەیەکی فەرمی دانی بە هەڵبژاردەی رۆژئاڤای کوردستاندا نا و هەڵبژاردەکە لە پاڵەوانێتییەکانی داهاتوودا دەتوانێت بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بکات.
 
فیدراسیۆنەکە لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا قبوڵکردنی هەڵبژاردەی رۆژئاڤای وەکو ئەندامی نوێی کۆنیفا راگەیاند و دەڵێت "کۆنیفا شانازی دەکات بە پێشکێشکردنی یەکێک لە نوێترین ئەندامەکانی، ئێمە بەخێرهاتنی رۆژئاڤا ئێف ئەی دەکەین، بۆ خێزانە جیهانییە وەرزشی و دۆستایەتیەکانمان."
 
جودی عەفرین، بەرپرسی راگەیاندنی تیپی رۆژئاڤای کوردستان بە رووداوی راگەیاند، "ئەمە یەکەمجارە لە مێژووی تۆپی پێی رۆژئاڤادا تیپێک بەشداری لە پاڵەوانێتییەکی جیهاندا بکات و سەرجەم یاریزانەکانمان خەڵکی رۆژئاڤای کوردستانن کە لە دیاسپۆرا دەژین و دەمانەوێت لە رێگەی بەشداریکردن لە کۆنیفادا ئاستبەرزیی تۆپی پێی رۆژئاڤای کوردستان پێشانی هەموو جیهان بدەین."
 
بەرپرسی راگەیاندنی تیپەکە زیاتر گوتی "لە ماوەی داهاتوودا کۆبوونەوەیەکی فەرمیمان لەگەڵ کۆنیفا دەبێت بۆ ئەوەی بەتەواوی شێوازی بەشداریکردنی هەڵبژاردەی رۆژئاڤای کوردستان لە پاڵەوانێتییەکەدا روونبکرێتەوە."
 
جودی عەفرین زیاتر بە رووداوی گوت "بە لە بەرچاوگرتنی بارودۆخی داهاتووی سووریا و رۆژئاڤای کوردستان، کار لە سەر بانگهێشتکردنی یاریزانانی کورد لە شارەکانی رۆژئاڤا دەکرێت بۆ ئەوەی لە تیپەکەدا یاری بکەن، بەڵام لە هەنگاوە سەرەتاییەکەدا تەنیا ئەو یاریزانانە یاری دەکەن کە لە دیاسپۆرا دەژین."
 
بە قبوڵکردنی هەڵبژاردەی رۆژئاڤا، وەکو ئەندامی نوێی کۆنیفا، هەڵبژاردەکە دەبێت دووەم تیپی کوردستان بەشداری لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا بکات، لەکاتێکدا هەڵبژاردەی کوردستان لە هەرێمی کوردستان پێشتر چەندجارێک بەشداریی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا کردووە.
 
لەسەر پڕۆفایڵی هەڵبژاردەی رۆژئاڤا لە ماڵپەری کۆنیفادا نووسیوویەتی "وەرزش زمانی ئاشتی و ئازادییە بۆ ناسینی مرۆڤەکان و کولتوورە هەمەچەشنەکانی جیهان، وەکو گەلی کورد هەوڵ دەدەین بۆ گەیشتن بە ئامانج و پلانی گرنگ کە لەگەڵ بەها و خواستەکانماندا بگونجێت."
 
هەڵبژاردەکە دەڵێت "ئێمە باوەڕمان بە ئاشتی و دادپەروەری و یەکسانی هەیە و هەوڵدەدەین ئەم بەهایانە لە کۆمەڵگەکانماندا بەدی بهێنین، ئامانجی سەرەکیمان بەرەوپێشبردنی شوناسی کولتووری کورد، پاراستن و پێشخستنی میراتی دەوڵەمەندی کولتووری کورد و دادپەروەری و یەکسانییە."
 
فیدراسیۆنی تۆپی پێی جیهان بۆ هەرێمەکان چەندین ساڵە پاڵەوانێتیی هەڵبژاردەکانی دەرەوەی فیفا بەڕێوەدەبات، پێشتر هەڵبژاردەی کوردستان لە ساڵی 2012 نازناوی پاڵەوانێتییەکەی بردووەتەو و لە ساڵی 2024 بڕیاربوو پاڵەوانێتییەکە بۆ جاری دووەم لە باشووری کوردستان بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بارودۆخی ناوچەکەوە لە کوردستان نەکرا.