رۆدریگۆ: کەمێک مابوو ببمە یاریزانی بارسێلۆنا
رووداو دیجیتاڵ
رۆدریگۆ، یاریزانی بەرازیلی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی ئاشکرای دەکات کە زۆر نزیک بووە لە چوونە بارسێلۆنا و باسی لەبەرکردنی درێسی نەیمار داسیلڤا دەکات.
رۆدریگۆ گۆیس، ئەستێرەی ریال مەدرید، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا چیرۆکی نزیکبوونەوەی لە گواستنەوەی بۆ یانەی بارسێلۆنا، رکابەری مێژوویی مێرینگێ ئاشکرا کرد.
رۆدریگۆ لەگەڵ هەڵبژاردەی بەرازیل لە کۆریای باشوورە، مەشق و راهێنان لەگەڵ ڤینیسیۆس جونیۆر و ئێدێر میلیتاو دەکات، دوای ئەوەی لەلایەن راهێنەر کارلۆ ئەنچێلۆتییەوە بۆ دوو یاریی دۆستانەی ئەم مانگە بانگێشت کرا بەرامبەر کۆریای باشوور و ژاپۆن.
ئەو یاریزانە گەنجە لەو هەڤپەیڤینەدا باسی هەستەکانی کرد و جەختی لە سوپاسگوزاری قوڵی خۆی بۆ ئەنچێلۆتی کردەوە، کە وەک راهێنەرێک وەسفی کرد کە بۆ هەمیشە سوپاسگوزاری دەبێت.
رۆدریگۆ لە سەرەتای قسەکانیدا، خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەی نیشتمانی دوای چەند مانگێک لە دووورکەوتنەوە دەربڕی و گوتی "ئامانجی گەورەی ئەم وەرزەم لەگەڵ هەڵبژاردەکەمان بردنەوەی جامی جیهانییە. لە ماوەی رابردوودا زۆر لەگەڵ ئەنچێلۆتی قسەم نەکردووە، چونکە بانگهێشت نەکرابووم، بەڵام نایابە کە دووبارە لەگەڵیدا کار بکەمەوە".
ئەنچیلۆتی لە چاوی رۆدریگۆدا
سەبارەت بە پەیوەندی نێوان راهێنەری ئیتاڵی و یاریزانە بەرازیلییەکان لە ریال مەدرید، رۆدریگۆ روونیکردەوە کە ئەنچێلۆتی هەمیشە روون و راشکاوانە گوتوویەتی کە هیچ هەنگاوێک نانێت کەریال مەدرید تووڕە بکات لە کاتی راهێنانی یانەی شاهانەدا". ئەو زیاتر گوتی "دوای ئەوەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل و ریال مەدرید و کارلۆ گەیشتنە رێککەوتنێک، ئەو خۆشحاڵی خۆی دەربڕی. ئەو زۆر دڵخۆشە بەم ئەرکە و ئێمەش بەهەمان شێوەین".
سەبارەت بە ئامانجەکانی راهێنەری نوێ لەگەڵ سێلیساو، یاریزانەکە گوتی "ئەنچێلۆتی دەیەوێت پەیوەندی لەگەڵ هاندەران دروست بکاتەوە. ئەو یاریزانە بەرازیلییەکان و شێوازی یاریکردنمانی خۆشدەوێت و دەیەوێت کاتێک هاندەران سەیری ئێمە دەکەن، دڵخۆشییان پێ ببەخشین.. من دڵنیام کە شتەکان بەباشی دەڕۆن".
سەبارەت بە پۆشینی درێسی ژمارە 10ـی بەناوبانگ لە هەڵبژاردەکەدا، کە ئەفسانەکانی وەک پێلێ و نەیمار پۆشیویانە، گوتی "ئەم ژمارەیە قورساییەکی زۆری هەیە و بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە.. من هێشتا لە سەرەتادام، و هەمیشە دەڵێم کە ئەم ژمارەیە هێشتا هی نەیمارە، من تەنیا لەبەر پێکانەکانی ئەو دەیپۆشم، بەڵام بەبێ گوێدانە ژمارەکە، من هەمیشە ئامادەم باشترین توانای خۆم پێشکێش بکەم بۆ بەرازیل".
سەبارەت بە چانسەکانی هەڵبژاردەکەیان بۆ بردنەوەی جامی جیهانی 2026 لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، راشکاوانە قسەی کرد و گوتی "کاتێک بۆ بەرازیل یاری دەکەیت، هەمیشە خەونی بردنەوەت هەیە. ئێمە پێنج جار پاڵەوانی جیهانین و ئەستێرەی گەورەمان هەیە لە باشترین یانەکان. تەنیا پێویستمان بە هاوئاهەنگی زیاترە، و لەگەڵ ئەنچێلۆتی ئامادە دەبین بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکە".
درێسێکی بچووکی ریال مەدرید.. دیارییەک لە باوکەوە
رۆدریگۆ باسی یادگارییەکانی منداڵیی خۆی لەگەڵ ریال مەدرید کرد و ئاشکرایکرد کە لە تەمەنی شەش ساڵییەوە درێسێکی بچووکی یانەکەی پاراستووە و گوتی "باوکم ئەو درێسەی پێبەخشیم دوای گەڕانەوەی لە گەشتێک بۆ ئەڵمانیا، و لەو ساتەوە پەیوەستم بووم بە یانەکە، یاریزانەکانی و نازناوەکانی، بەتایبەتی بەهۆی بوونی چەندین یاریزانی بەرازیلی، پاشان هاتنی کریستیانۆ رۆناڵدۆ".
ئەستێرەی بەرازیلی لەم هەڤپەیڤینەدا هەمووانی تووشی شۆک کرد بە دانپێدانانێک "بەڵێ، نزیک بووم لە واژۆکردن بۆ بارسێلۆنا، هەموو شتێک ئامادە بوو، بەڵام باوکم پێیڕاگەیاندم کە مەدرید پەیوەندی کردووە و دەبووایە هەڵیبژێرم. یەک چرکەش دوودڵ نەبووم، ئەوە خەونی من بوو لە منداڵییەوە و ئێستا من لێرەم".
بە زەردەخەنەیەکەوە روونیکردەوە "باش یاریم دەکرد لەگەڵ سانتۆس، گرێبەستەکەی بارسێلۆنا هات، کە یانەیەکی گەورەیە و زۆر رێزی لێ دەگرم، بەڵام ریال مەدرید هەمیشە خەونی من بووە. نەمتوانی چیدی چاوەڕێ بکەم و بڕیارەکەمان لە کاتی گونجاودا".
تۆپی پێی نێو هۆڵەکان ودریگۆی خستە سەر رێگا
لە قسەکانیدا دەربارەی شێوازی یاریکردنی ناوازەی، رۆدریگۆ گوتی "تۆپی پێی نێو هۆڵەکان زۆری یارمەتی دام، فێری کردم چۆن لە شوێنە تەسکەکاندا لێهاتوو بم. لە مەدرید زۆرجار رووبەڕووی تیپەکان دەبینەوە کە بەشێوەیەکی دواکەوتوو بەرگری دەکەن و لێهاتوویی و گواستنەوە کورتەکان چارەسەرن، ئەمەش ئەو کارامەییانەن کە لە تۆپی پێی نێو هۆڵەکاندا فێریان بووم".
سەبارەت بە سەرەتای خۆی لە مەدرید، گوتی "یانەکە لە ساڵی 2018 گرێبەستی لەگەڵ کردم، بەڵام ساڵێک لە سانتۆس مامەوە تاوەکو لە ساڵی 2019 پەیوەندیم پێوە کرد. لەگەڵ کاستیا دەستم بە یاری کرد و گۆڵێکی نایابم لە یەکەم یاریی خۆمدا تۆمارکرد، بەڵام بەهۆی شێوازی ئاهەنگگێڕانەکەمەوە بە کارتی سوور دەرکرام! ئەزموونێکی بەسوود بوو بۆ ناسینی کەشی یانەکە پێش ئەوەی بچمە تیپی یەکەم".
سەبارەت بە یەکەم دەرکەوتنی لە خولی ئیسپانیا، رۆدریگۆ یادگارییەکانی گێڕایەوە "زیدان پێیگوتم کە بۆ یەکەمجار لە بێرنابیۆ بەرامبەر ئۆساسۆنا بەشدار دەبم، و تەنیا دوای 91 چرکە یەکەم گۆڵم تۆمارکرد. خەونێک بوو کە لەبەردەم هاندەراندا هاتەدی".
قسەکانی بە ئاماژەدان بە یەکەم ساتە ناوازەکانی لە ئەورووپا کۆتایی پێهێنا و گوتی "لە یەکەم یاریی خۆمدا لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر گاڵاتەسەرای، هاتریکێکم بە پێی راست و چەپ و سەر تۆمارکرد. لەو کاتەدا هەستم بە پەیوەندییەکی تایبەت کرد لەگەڵ پاڵەوانێتییەکە. ساتێکی لەبیرنەکراو بوو".
رۆدریگۆ گۆیس کێیە؟
رۆدریگۆ گۆیس لە ساڵی 2001 لە شاری ئۆساسکۆ لە بەرازیل لەدایکبووە و ژیانی وەرزشیی خۆی لە ئەکادیمیای سانتۆسی بەنێوبانگ دەستپێکردووە کە ئەستێرە گەورەکانی وەک پێلێ و نەیمار تێیدا گەشەیان کردووە.
رۆدریگۆ لە تەمەنێکی بچووکەوە بەهۆی خێرایی و لێهاتوویی تەکنیکییەوە سەرنجی راکێشا، یەکەم یاریی خۆی لەگەڵ تیپی یەکەمی سانتۆس لە تەمەنی شازدە ساڵیدا لەساڵی 2017 ئەنجام دا و بووە یەکێک لە دیارترین بەهرەمەندە گەشەسەندووەکان لە بەرازیل و گۆڵی کاریگەری لە خولی ناوخۆیی و کۆپا لیبێرتادۆرێس تۆمارکرد.
لە هاوینی 2018 ریال مەدرید گرێبەستی خۆی لەگەڵ رۆدریگۆ بە نزیکەی 45 ملیۆن یۆرۆ راگەیاند، بەڵام ئەو تاوەکو ساڵی 2019 لە سانتۆس مایەوە پێش ئەوەی بەفەرمی بچێتە یانەی شاهانە.
رۆدریگۆ بەخێرایی لەگەڵ تیپی لاوانی کاستیا درەوشایەوە، پاشان زیاتر سەرنجەکانی بەلای خۆیدا راکێشا بە تۆمارکردنی گۆڵێک تەنیا دوای 91 چرکە لە یەکەم دەرکەوتنی لە لالیگادا، کە بەرامبەر ئۆساسۆنا بوو. دواتر هاتریکێکی لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر گاڵاتەسەرای تۆمارکرد. لەو کاتەوە رۆدریگۆ بووە یەکێک لە دیارترین رووخسارەکانی نەوەی نوێی ریال مەدرید و هەڵبژاردەی بەرازیل.