رکابەرییە تووندەکەی بایرن و دۆرتموند بەسەر بۆندێسلیگادا زاڵە

رووداو دیجیتاڵ
 
بایرن میونشن و بۆرووسیا دۆرتموند لە رکابەرییەکی توونددان بۆ بەدەستهێنانی نازناوی بۆندێسلیگای 2025/2026 و هەردووکیان لەلایەن لایپزیگەوە راودەنرێن.
 
بۆندێسلیگای ئەم وەرزە، مژدەی گەڕانەوەی رکابەریی دوو گەورەکەی ئەڵمانیای بە بینەرانی خولەکە داوە، بایرن میونشن وەکو هەموو وەرزێک، رکابەرێکی سەرەکیی بردنەوەی خولەکەیە و هەر لە سەرەتاوە زۆر بەبەهێزی دەرکەوتووە، ئەو یانەیە لەم وەرزەدا، ریکۆردی زۆرترین بردنەوەی لەسەریەکی لە سەرەتای وەرزێکدا شکاند، بایرن میونشن لە پاڵەوانێتییە جیاوازەکاندا لەم وەرزەدا، 10 یاری لەسەریەکی بردووەتەوە.
 
بۆرووسیا دۆرتموند جیاواز لە ساڵانی پێشوو، لەژێر سەرکردایەتی نیکۆ کۆڤاچ، جێگیرییەکی زیاتری بەخۆیەوە بینیوە و بەرەوپێشچوونێکی باش بە یانەکەوە دیارە، پێدەچێت ئەم وەرزە، رکابەرییەکی تووندی بایرن بکات بۆ بەدەستهێنانی نازناوەکە.
 
بایرن میونشن لەم وەرزەی بۆندیسلیگا، لە 6 یاریدا، 18 خاڵی بەدەستهێناوە، 25 گۆڵی کردووە و تەنیا 3 گۆڵی لێکراوە، ئەو یانەیە بە سەرکردایەتی هێرشبەرە ئینگلیزییەکەی، هاری کەین، زەنگی ئاگادارکردنەوەی بۆ هەموو یانەکانی بۆندیسلیگا و جیهان لێداوە، وەکو شەمەندەفەرێک بەرەوپێشەوە دەچێت و تاوەکو ئێستا، هیچ رکابەرێک نەیتوانیوە رایبگرێت.
 
بۆرووسیا دۆرتموند بە سەرکردایەتی نیکۆ کۆڤاچ، لە 6 یاریدا، 14 خاڵی بەدەستهێناوە و لە پلەی دووەمی بۆندێسلیگا جێگیر بووە، ئەو یانەیە، هاوشانی بایرن میونشن، لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە و چاوەڕواندەکرێت بە سەرکردایەتی گێراسی و ئەستێرەکانی یانەکە، بەربەستێکی سەخت بن بۆ یانە باڤارییەکە.
 
لایپزیگ سەرەرای سەرەتا خراپەکەی و دۆڕانە سەختەکەی بەرامبەر بایرن میونشن، لە گەڕی یەکەمی خولەکە بەئەنجامی 6-0، توانی بگەڕێتەوە سەر ئاستی خۆی و لە دوایین 5 یاریدا، 4 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەبووە و بە کۆکردنەوەی 13 خاڵ لە پلەی سێیەمی خولەکەیە.
 
بایرلیڤەرکوزن، لە دوو یاریی سەرەتای وەرزەکەدا، لەژێر سەرکردایەتی راهێنەری پێشووی یانەکە، ئێریک تێن هاگ، تەنیا 1 خاڵ بەدەستهێنابوو، بەڵام دوای دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە، لیڤەرکوزن هیچ یارییەکی دیکەی نەدۆڕاندووە و بە کۆکردنەوەی 11 خاڵ لە پلەی پێنجەمی خولەکە دێت.
 
ئاستە خراپەکەی بۆرووسیا میونشنگلادباخ، جێی سەرسووڕمانی هەمووانە، ئەو یانەیە بە یەکێک لە گەورەکانی ئەڵمانیا هەژماردەکرێت، بەڵام لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە و بە کۆکردنەوەی 3 خاڵ لە 3 یەکسانبووندا، لە پلەی 17می بۆندیسلیگا دێت.
 
رکابەرییەکانی بۆندێسلیگا بە دێرکلاسیکێرەوە دەگەڕێنەوە، رۆژی 18/10/2025، بایرن میونشن میوانداریی بۆرووسیا دۆرتموند دەکات و هەمووان چاوەڕێی بینینی ئەو رووبەڕووبوونەوەیەن، یەکێک لەو دوو یانەیە، دەکرێت تووشی یەکەم دۆڕانی وەرزەکەی بێت لەو یارییەدا، لە کاتێکدا کە هەردووکیان تاوەکو ئێستا، هیچ یارییەکەیان لە سەرجەم پاڵەوانێتییەکاندا نەدۆڕاندووە.