ڤیدیۆ راپۆرت؛ رکابەریی دوو گۆڵکاری مەترسیدار بۆ یەکلاییکردنەوەی پێشەنگ


رووداو دیجیتاڵ

شەیدایانی یاریی هێرشبەرانە و گۆڵکردن، چاوەڕێی رووبەڕووبوونەوەیەکی ئاگرین و بەهێزی دوو گۆڵکاری مەترسیدار دەکەن، لە یاریی دێر کلاسیکێری ئەڵمانیا، کاتێک رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لە بایرن میونشن و ئێرلینگ هالاندیش لە دۆرتموند رووبەڕووی یەکدەبنەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ جارێکی دیکە، دێر کلاسیکێر لە نێوان هەردوو یانە گەورە و رکابەرەکەی ئەڵمانیا، چاوەکان بۆ خۆی دەبات، کاتێک لە سیگناڵ ئیدونا پارک دۆرتموند میوانداری بایرن میونشن دەکات.

ئەم یارییە لەکاتێکدا دەکرێت، هەردوو یانە تاوەکو ئێستا لە دوای 6 یاری پێنج بردنەوە و یەکسانبوونێکیان هەیە و بە 15 خاڵ رکابەری لەسەر یەکەم و دووەمی ریزبەندی خولەکە دەکەن.

رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو یانەیە لەم کاتەدا، تەنیا رکابەری دوو یانەی گەورە نییە، تەنیا بۆ یەکلاییکردنەوەی پێشەنگ و بردنەوەی سێ خاڵ نییە، بەڵکو رکابەرییەکە لەنێوان خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەر و بەهێزترین هێڵی بەرگری.

بایرن میونشن تاوەکو ئێستا 24 گۆڵی کردووە، بە رێژەی 4 گۆڵ بۆ هەر یارییەکە، دۆرتموندیش تەنیا 2 گۆڵی لێکراوە، بۆیە ئەمڕۆ دێر کلاسیکێر بڕیار لەسەر تیپە باڵادەستەکەی بوندێسلیگا دەدات.

ئەوەی بۆ دۆرتموند و لوسیان فاڤرێی راهێنەری جێگەی دڵخۆشییە، ئێمری جان گەڕاوەتەوە و لە دوایین مەشقەکاندا بەشداربووە، ئەگەری هەیە بۆ یارییکردن ئامادەبێت، بەڵام مارسێل شمێلزەر بەهۆی پێکانەوە یاریی ناکات.

لە یانەی بایرن میونشن، هەریەکە لە ئەلفۆنسۆ دەیڤز بەهۆی پێکان، نیکولاس زولێ و جۆشوا زیرکزی بەهۆی تووشبوونیان بە کۆرۆناوە یاریی ناکەن.

ئەوەی باڤارییەکان زیاتر بۆ بردنەوە هاندەدات، ئەوەیە کە لە دوایین سێ یارییاندا بەرامبەر دۆرتموند نەدۆڕاون و لە دوایین یاریی نێو سیگناڵ ئیدونا پارکیش بردنەوەیان تۆمارکردووە، بەڵام دێر کلاسیکێر هێندە مێژووییە، کاریگەریی یاریگە بەسەر هەردوو یانەوە دیارنییە.

یارییەکە کاژێر 20:30 بەکاتی باشووری کوردستان، لە رکابەرییەکانی گەڕی حەوتەمی بوندێسلیگا، لەسەر یاریگەی سیگناڵ ئیدونا پارک بەڕێوەدەچێت.