ریال مەدرید پلان بۆ فرۆشتنی ئەستێرەیەکی دادەنێت
رووداو دیجیتاڵ
کارگێڕیی ریال مەدرید پێشوازی لە رۆیشتنی یاریزانی باڵی بەلجیکی، ئێدین هازارد دەکات و رێگە لە رۆیشتنی ناگرێت لە مێرکاتۆی زستانی داهاتوودا.
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ریال مەدرید پێیباش نییە ئێدن هازارد بەردەوام بێت لەگەڵ تیپەکە، بۆیە هەوڵدەدات لە مێرکاتۆی زستانی داهاتوودا رزگاری بێت لە یاریزانەکە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، رۆدریگۆ گۆیس و مارکۆ ئاسینسیۆ و تەنانەت ماریانۆ دیازیش لە پلانی کارلۆ ئەنچیلۆتی راهێنەری ئیتاڵیدا لە هازارد لە پێشترن.
مارکا دەشڵێت "هازارد دەزانێت ریال مەدرید دەرگای دەرچوونی دەکاتەوە، بەو پێیەی یانە شاهانەکە 3 ساڵ لەمەوبەر لەبیریکردووە کە چۆن شەڕی کردووە بۆ یەکلاییکردنەوەی گرێبەستەکەی".
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، بەرپرسانی ریال مەدرید باوەڕیان بە تواناکانی هازارد و ئەگەری درەوشانەوەی هازارد بە درێسی ریال مەدریدەوە لەدەستداوە و پێیانوایە باشترین چارەسەر رۆیشتنیەتی لە یانەکە.
ئەمە لە کاتێکدایە کە هازارد بەنیازی رۆیشتن نییە لە ریال مەدرید، بەو پێیەی منداڵەکانی بردووەتە ئەکادیمیای ریال مەدرید و بەنیازە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکە تەواو بکات.
یانەکە مەبەستی نییە بە هیچ شێوەیەک فشار بخاتە سەر هازارد بۆ ئەوەی ناچار بە رۆیشتنی بکات، بەڵام راهێنەر لە یارییەکاندا کەم یاری پێدەکات، وەک ئەوەی پێشتر لەگەڵ گاریس بەیڵ و ئیسکۆ روویداوە.
یانەکە پێیوایە پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لە مۆندیالدا لەلایەن هازاردەوە، لەوانەیە ئاسانکاری بکات بۆ بەدەستهێنانی ئۆفەرێکی باش لە وەرزی زستاندا، هەروەها وا لە هازارد بکات ئارەزووی بەشداریکردنی بەردەوام بکات، بەڵام هازارد لەسەر ئەو بیرۆکەیە هاوڕایان نییە.