رووداو - هەولێر
هەڤپەیڤین؛ سامان وڵاتژێری
میران خەسرەو، یاریزانی بەنێوبانگی باشووری کوردستان و پێشووی یانەی سوحاری عومانی، هۆکاری رۆیشتنی لە یانەکە لە رێگەی تۆڕی میدیایی رووداوەوە ئاشکرا دەکات و باسی داهاتووی خۆی لە یاریگەکانی تۆپی پێدا دەکات.
یاریزانە کوردەکە لە مانگی هەشتی رابردووەوە لە یانەی هەولێر چووە یانەی سوحاری عومانی، لە یانەکەدا ئەو یاریزانە بەدرێسی ژمارە 10 یارییدەکرد و یەکێک بوو لە ئەستێرە دیارەکانی یانەکە، بەڵام بەهۆی چەند کێشەیەکی تایبەتی یاریزانەکە مانەوەی میران لەگەڵ یانەکە تەنیا 3 مانگی خایاند.
لەبارەی کاروانی داهاتووی لە یاریگەکاندا و پلانی داهاتووی، رووداوی وەرزشی ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ یاریزانەکە ئەنجامداوە.
رووداو: ئەزموونی یارییکردنت لە خولی عومان چۆن بوو؟
میران خەسرەو: ئەزموونێکی نوێ بوو و زۆر شتی گرنگی لێ فێربووم.
رووداو: بۆچی میران یانەی سوحاری بەجێهێشت، لەکاتێکدا زۆربەی یارییەکان لە پێکهاتەی سەرەکیدا بوو؟
میران خەسرەو: من کاتێک یانەی سوحارم بەجێهێشت ئێمە لە پلەی دووەمی ریزبەندی خولەکەبووین، تەنیا یەک خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکە دووربووین، بەڵام سێ مانگ بوو مووچەم وەرنەگرتبوو، دوای ئەوەی ماوەیەکی زۆر چاوەڕێ بووم بۆم دەرکەوت، یانەکە کێشەی دارایی هەیە و ئەوەش بووە هۆکاری ئەوەی یانەکە بەجێبهێڵم.
رووداو: جیاوازیی خولی عومان و پلە یەکی قەتەر چی بوو؟
میران خەسرەو: خولی عومان زۆر بەهێزتربوو، 14 تیپ لە خولەکەدا بەشداربوو و هەمووان ئاستیان لە یەکدییەوە نزیکبوو.
رووداو: یانەی سوحار داوای مانەوەی لێ نەکردی؟
میران خەسرەو: بەڵێ یانەکە زۆر داوایکرد لە یانەکە بمێنمەوە، بەڵام مانەوە لە وڵاتێکی دیکە بەو شێوەیە زۆر قورسە.
رووداو: دوای بەجێهێشتنی یانەی سوحار میران خەسرەو سەرقاڵی چییە؟
میران خەسرەو: خۆتان دەزانن تاوەکو مانگی یەک دەرگای گواستنەوە داخراوە، بۆیە جارێ چاوەڕوانم.
رووداو: هیچ یانەیەک دەستەوارەی پێشکەشی میران کردووە؟
میران خەسرەو: دەستەوارەم پێشکەشکراوە و چەند یانەیەکیش لەسەر هێڵن، وەلێ هێشتا شتەکان بۆیە تاوەکو کردنەوەی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان چاوەڕواندەبم، هەر کاتێک بڕیارمدا لە رێگەی رووداوەوە ئاشکرای دەکەم.
رووداو: ئەو یانانەی داوای دەکەن هی کام وڵاتن؟
میران خەسرەو: جارێ نامەوێت ئاشکرایان بکەم، چونکە شتێکی فەرمی نییە.
رووداو: راستە میران خەسرەو نزیکە لە گەڕانەوە بۆ یانەی هەولێر؟
میران خەسرەو: نەخێر هیچ شتێکی وانییە و هیچ دەستەوارەیەکم لەلایەن یانەی هەولێرەوە پێشکەش نەکراوە.
رووداو: زانیاری هەیە رادان گاسانین داوای گەڕانەوەی تۆی کردووە، ئەمە راستە؟
میران خەسرەو: ئاگاداری ئەوە نیم کە داوای منی کردووە یان نا.
رووداو: پەیوەندی میران و رادان چۆنە، ئەگەر بەفەرمی داوای گەڕانەوەی بکات دەگەڕێتەوە؟
میران خەسرەو: کاتێک پێشتر راهێنەری هەولێر بوو، نزیکترین یاریزان لە راهێنەرەکە من بووم و زۆر لە یەکدییەوە نزیکبووین.
رووداو: ئەو یانەیەی لە داهاتوو میران یاریی بۆ دەکات پێویستە چۆن بێت؟
میران خەسرەو: پێمخۆشە بچمە یانەیەک رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکان بکات.
رووداو: بۆچی یاریزانی کورد لە یارییکردن لە دەرەوەی کوردستان زوو بێزار دەبن یان کێشەیان بۆ دێتە پێشەوە؟
میران خەسرەو: یاریزانی کورد بێزارنابن، بەڵام کێشەیان بۆ دروستدەبێت، بۆ نموونە من کێشەی پارەم هەبوو.
میران خەسرەو یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی باشووری کوردستانە، پێشتر لە یانەکانی هەولێر، زاخۆ، شورتە لە خولی عێراق و یانەی شیمالی قەتەری لە پلە یەکی قەتەر یارییکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ