رووداو سپۆرتس وردەکارییەکانی پێکانی شێرکۆ کەریم ئاشکرا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
شێرکۆ کەریم، ئەستێرەی کوردی هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی بەرامبەر هەڵبژاردەی سودان تووشی پێکانبوو و رووداو سپۆرتس، وردەکارییەکانی پێکانەکەی ئاشکرا دەکات.
لە دووەم یارییاندا لە جامی عەرەبدا، هەڵبژاردەی عێراق بەرامبەر سودان یارییکرد، شێرکۆ کەریم بەشێوەی سەرەکی بەشداریی لە یارییەکەدا کرد و لە نیوەی یەکەمدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت، بەڵام لە سەرەتای نیوەی دووەمدا، لە خولەکی 58 بەهۆی ئەوەی تووشی پێکانبوو یاریزانە کوردەکە گۆڕانکاریی پێکرا و مستەفا سەعدوون لە شوێنی ئەو چووە نێو یاریگە.
عێراق یارییەکەی بردەوە و گەیشتە قۆناخی هەشتی جامی عەرەب، بەڵام دیمەنی چوونە دەرەوەی شێرکۆ کەریم، لە کاتی رۆیشتنی یاریزانەکانی یانەکە بە دارشەقەوە هەمووانی نیگەرانکرد و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی بەدواداچوونی رووداو سپۆرتس، پێکانەکەی شێرکۆ کەریم، لە بەشی دواوەی رانی راستیدایە و بەو هۆیەوە یاریزانەکە زیانی پێگەیشتووە، بڕیاربوو ئەمڕۆ پشکنین بۆ یاریزانەکە بکرێت، بەڵام پشکنینەکانی خرایە رۆژی دووشەممە و بەتەواوی جۆری پشکنینەکەی و ماوەی دوورکەوتنەوەی دەردەکەوێت.
هەر بە پێی زانیارییەکانی رووداو سپۆرتس، بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە، ئەگەری هەیە شێرکۆ کەریم مانگێک تاوەکو دوو مانگ لە یاریگەکان دووربکەوێتەوە، بەمەش یارییەکانی جامی عەرەب بۆ ئەو کۆتاییهاتن، بەڵام زەرەرمەندی یەکەم یانەی زاخۆ دەبێت، بەوپێیەی شێرکۆ یاریزانێکی سەرەکی یانەکەیە و بەشداری لە چەند یارییەکی داهاتووی یانەکە لە جامی کەنداو و خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ناکات، بەتایبەتیش یاریی بەرامبەر عەینی ئیماراتی لە گەڕی چوارەمی جامی کەنداو کە 23ـی ئەم مانگە بەڕێوەدەچێت.