داواکارییەکی سەیر بۆ ئاهەنگگێڕان لە کاتی گۆڵکردندا


رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا، رۆژ لە دوای رۆژ رێکارەکان لەبەردەم تۆپی پێی ئینگلتەرا قورستر دەکرێن و چەند یارییەکیش بەو هۆیەوە هەڕەشەیان لەسەرە.

میدیای بەریتانیا بڵاویکردەوە، لە پێشهاتێکی نوێدا دەستەی یاریزانە پیشەگەرەکان لە ئینگلتەرا داواکارییەکی سەیر دەکات و داوادەکات، یاریزانان لە کاتی گۆڵکردندا خۆیان لە یەکدی نزیک نەکەنەوە و بە جیا ئاهەنگ بگێڕن، ئەمەش بۆ پاراستنی سەلامەتی خۆیان و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی تووشبوون بە کۆرۆنا.

چوار یاریی لە ماوەی رابردوودا لەسەر ئاستی پرێمەرلیگ بەهۆی کۆرۆناوە دواخراون، 50 یاریی لە ئاستەکانی خوارەوە دواخراون، یارییەکانی جامی یەکێتیی ئینگلتەرا بەهەمان شێوە مەترسییان لەسەرە، کە بڕیارە ئەمشەو یاریی نێوان هەردوو یانەی لیڤەرپوول و ئاستۆن ڤێلا بەڕێوەبچێت.

جۆردان تیلۆر، سەرۆکی جێبەجێکاری یەکێتیی پیشەگەرەکان بە رۆژنامەی تایمزی گوت، پەیامێکمان بۆ ئەندامەکانی خۆمانمان ناردووە و پێمان راگەیاندوون کە کارێکی گەورە دەکەن و شایستەی ساتیشکردنن، بەڵام زۆر گرنگە رێکارەکانی پروتوکۆڵ وەک خۆی جێبەجێبکرێن.

جۆردان زیاتر دەڵێت، زۆر قورسە لە کاتی گۆڵکردندا ئاهەنگ نەگێڕیت، لەکاتێکدا کە تۆپ چووە نێو تۆڕەوە هەموو شتەکان دەگۆڕێن، بەڵام دەبێت مەودای دوورکەوتنەوە لە یەکدی بپارێزرێت و پاکوخاوێنیش هەبێت.

ئەم داواکارییە سەرنجڕاکێشە بۆ خۆ پاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکاتێکدایە، شەوی هەینی یانەی ئاستۆن ڤێلا تووشبوونی چەند یاریزان و ئەندامێکی یانەکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند و سەنتەرەکانی تایبەت بە یانەکەش بۆ مەشق و راهێنان داخران.