رێگەی گەیشتن بە نازناو لە لەندەنەوە دەستپێدەکات.. ئارسیناڵ و لیڤەرپوول یاریی لووتکە دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئارسیناڵ لەبەردەم هەلێکی زۆر گەورەدایە بۆ ئەوەی جیاوازییەکەی لەگەڵ رکابەرەکانی زیاتر بکات، کاتێک لە یاریی لووتکەدا بەرامبەر لیڤەرپوول یاریی دەکات.
دوایین یاریی گەڕی 21ـی پرێمەرلیگ لە یاریگەی ئیماراتس لە لەندەن بەڕێوەدەچێت، یانەی ئارسیناڵی پێشەنگی ریزبەندی خولەکە میوانداریی لیڤەرپوولی چوارەم دەکات.
ئارسیناڵ بە دۆخێکی زۆرباشدا تێدەپەڕێت، یانەکە ئێستا بە 48 خاڵ لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەیە و 5 خاڵ لە مانچێستەر سیتی دووەم و ئاستۆن ڤیلا سێیەمەوە دوورە و بەبردنەوەی ئەم یارییە جیاوازییەکە بۆ هەشت خاڵ زیاد دەکات.
گانەرز تاوەکو پێنج یاریی رابردووی لە پرێمەرلیگدا بردووەتەوە، بەشێوەیەکی گشتی تەنیا دوو یاریی دۆڕاندووە، یەکێکیان بەرامبەر لیڤەرپوول و ئەوەی دیکەیان بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا بووە.
لیڤەرپوول لە دۆخێکی باشدا نییە، لە دوو یاریی رابردوودا یەکسانبووە و ئاست و ئەنجامەکانی بە دڵی هاندەران و کارگێڕیی یانەکە نین.
رێدز 6 یاریی لەم وەرزەدا دۆڕاندووە، تیپەکە بەبێ محەممەد سەڵاح، ئەلیکساندەر ئیساک و هوگۆ ئیکیتیکێ رووبەڕووی پێشەنگی ریزبەند دەبێتەوە.
لە سێ یاریی رابردووی نێوانیان، ئارسیناڵ هیچ یارییەکی نەبردووەتەوە، دەیەوێت سوود لە ئاستە بەرزەکەی و یاریگەکەی وەربگرێت بۆ ئەوەی بردنەوەیەکی دیکە تۆماربکات و زیاتر لە رکابەرەکانی دووربکەوێتەوە.
بەشێوەیەکی گشتی هەردوو یانە 67 یارییان لە پرێمەرلیگدا بەرامبەر یەکدی کردووە، ئارسیناڵ 18 یاریی بردووەتەوە، 26 یاری لە بەرژەوەندی لیڤەرپوول کۆتاییهاتووە، 23 یاری بە یەکسانبوون کۆتاییهاتووە.