پشكنینی مادەی وزەبەخش بۆ یاریزانانی بارسیلۆنا ئەنجامدرا
رووداو – هەولێر
یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا پشكنینی مادەی وزەبەخش بۆ یاریزانانی یانەی بارسیلۆنا ئەنجامدەدات.
ستافێك لە پزیشكەكانی یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا سەردانی یانەی بارسیلۆنایان كرد و پشكنینی رۆتنییان بۆ مادەی وزەبەخش ئەنجامدا، پێش ئەوەی 18ی ئەم مانگە لە چامپیۆنزلیگ بەرامبەر یانەی مانچستەر سیتی یاری بكەن لە قۆناغی 16دا.
پشكنینەكە رۆژی هەینی لە میانەی مەشقەكانی یانەكەدا ئەنجامدرا و 10 یاریزان بە شێوەیەكی هەرەمەكی پشكنینیان بۆ كرا، هەریەكە لە سیسك فابریگاس، ئەندریاس ئینێستا، نەیمار، ئەلكێسەندەر سۆنگ، ئیبراهیم ئەفێلای، ئەدریانۆ، دانی ئالڤێش و ئیسحاق كوێنكا پشكنینەكانیان بە سەركەوتوویی ئەنجامدا، دوای ئەوەی نموونەی خوێن و میزیان لێوەرگیرا و ئەنجامەكانیان نێگەتیڤ بوو، كێشەیان نەبوو.
هەر لە مەشقەكاندا یاریزان نەیمار لە مەشقی بەكۆمەڵدا بەشداریی نەكرد، چونكە تا ئێستا لە قۆناغی چارەسەركردندایە لەو پێكانەی كە سێ هەفتە لەمەوبەر دووچاری هاتبوو.
بارسیلۆنا سبەی لە خولی ئیسپانیا لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا بەرامبەر یانەی سڤیلیا یاریی دەكات.