خۆری گرانت لە غانا ئاوابوو



رووداو – هەولێر

فیدراسیۆنی تۆپی پێی غانا ، ئەڤرام گرانتی راهێنەری هەڵبژاردەکەی لە کارەکەی دوورخستەوە.

فیدراسیۆنی غانا لە مالپەری فەرمی خۆی بڵاوی کردەوە، دوای ئەوەی لە 1-12-2014  ئەڤرام گرانت ئەرکی راهێنەرایەتی هەڵبژاردەکەی وەرگرت لە 28 ئەم مانگە گرێبەستی راهێنەرە ئیسرائیلییەکە لەگەڵ بلاک ستار کۆتاییدێت و گرێبەستەکەی نوێناکرێتەوە، لە کاتێکدا هەڵبژاردەکەی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقای 2017 لە قۆناخی پێشکۆتایی کرایە دەرەوە و پلەی چوارەمیان بەدەستهێنا.

راهێنەرە 62 ساڵییەکە راهێنەرایەتی چەندین یانەی وڵاتەکەی خۆی کردووە و هەروەها راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی ئیسرائیلیش بووە ، لە وەرزی 2007-2008 بووە راهێنەری یانەی چیلسی ئینگلیزی و  یانەکەی گەیاندە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا.