کاتی یارییەکانی خولەکانی کوردستان گۆڕدرا
رووداو - هەولێر
یەکێتی تۆپی پێی کوردستان کاتی یارییەکانی خولی یانە نایابەکانی و پلە یەکەکانی کوردستانی گۆڕی و لەمەودوا یارییەکان کاژێر 15:00 بەڕێوەدەچن.
یەکێتییەکە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا بڕیاری راگرتنی دڵشاد مەعرووف، راهێنەری یانەی هەندرێنی بۆ دوو یارییدا، دوای ئەوەی لە یارییەکەی بەرامبەر برایەتی بەکارتی سوور کرایە دەرەوە، جگە لەوەش یەک ملیۆن دینار وەک سزای دارایی بەسەر راهێنەرەکەدا سەپێندرا.
جگە لەوەش یانەی رزگاری لە خولی پلە یەکی کوردستان بەهۆی بەکارهێنانی یاریی ئاگرین، لە یارییەکەیاندا بەرامبەر یانەی هەڵۆ بەبڕی 250 هەزار دینار سزادرا و دوایین ئاگادارکردنەوەش درایە یانەکە.
هەر لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی راگرتنی خولەکانی کوردستاندرا، بەڵام حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاریداوە هاوکاری یەکێتییەکە بکات بۆ ئەوەی چالاکییەکانی بەڕێوەببات و هەفتەی داهاتووش راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان دەستنیشاندەکرێت.
لەبارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لە دەستنیشانکردنی سەمیر بابۆ، وەک راهێنەری هەڵبژاردەی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە جامی کۆنیفا دەکرێن، رووداو پەیوەندیی بە راهێنەرەکە کرد و گوتی، ئەوەی دەگوترێت تەنیا دەنگۆیە و ئاگاداری هیچ شتێکی لەو بابەتە نییە.