ڤیدیۆ؛ ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گرنگی تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر بردنەوەیەکی گرنگی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەدەستهێنا و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی پلە یەکی تورکیا بەهێزتر کرد.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 24ـی خولی پلە یەکی تورکیا، ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر پێندیک سپۆر یارییکرد و سێ خاڵی دیکەی بردەوە.
لە خولەکی 40 هاکان یەشل یاریزانی پێندیک بە کارتی سوور کرایە دەرەوە، دوای ئەوە ئامەدسپۆر لە خولەکی 49 لە رێگەی ئاداما تراورێ گۆڵی پێشکەوتنی تۆمارکرد.
لە خولەکی 60 مبای دیانێ، ئامەدسپۆری زیاتر لە بردنەوەی یارییەکە نزیککردەوە و گۆڵی دووەمی تۆمارکرد.
کەسک و سوور یارییەکەی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردەوە، ژمارەی خاڵەکانی لە پێشەنگی خولی پلە یەکی تورکیا گەیاندە 49 خاڵ.
دوای یارییەکە یانەی ئامەدسپۆر سوپاسی هاندەرانی دەکات و دەڵێت "بە دڵ و گیان سوپاسی هاندەرە گەورەکانی ئامەدسپۆر دەکەین کە تیپەکەیان لە یاریی بەرامبەر پێندیک سپۆر بە تەنیا بەجێنەهێشت و بە رەنگی کەسک و سوور پەیژەکانی یاریگەیان نەخشاند."
ئامەدسپۆر نووسیوویەتی "پاڵپشتیی ئێوە لە هەموو یارییەکاندا تێکۆشانی ئێمە لە گۆڕەپانەکەدا بەهێزتر دەکات، ئێمە بەیەکەوە سەردەکەوین."