ھالاند گەڕایەوە سەر رێچکەی گۆڵکردن و گرێکوێرەی ئانفێڵدیان کردەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئیرلینگ هالاند، هێرشبەری یانەی مانچێستەر سیتی، دوای سێ یاری دابڕان لە گۆڵکردن، جارێکی دیکە گەڕایەوە بۆ هەژاندنی تۆڕی گۆڵ لە پرێمەرلیگدا، ئەمەش لە یارییەکەی بەرامبەر لیڤەرپوول کە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە چوارچێوەی گەڕی 25ی پرێمەرلیگ بەڕێوەچوو.
 
دۆمینیک سۆبۆسلای لە خولەکی 74دا بە لێدانێکی مووشەکی لە فاوڵێکی راستەوخۆوە، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ رێدز تۆمارکرد، بەڵام بێرناندۆ سێلڤا لە خولەکی 84دا ئەنجامەکەی بۆ سیتی یەکسانکردەوە، پێش ئەوەی هالاند لە کاتێکی بکوژدا گۆڵی سەرکەوتن بۆ بەرژەوەندی مانچستەر سیتی تۆمار بکات.
 
بەو سەرکەوتنە پڕ جۆشوخرۆشە، مانچێستەر سیتی کۆی خاڵەکانی بۆ 50 خاڵ بەرزکردەوە و لە پلەی دووەمدا مایەوە، بەمەش بەردەوامە لە ململانێکردنی ئارسیناڵی پێشەنگ لەسەر پرێمەرلیگ، لە بەرامبەردا، کۆی خاڵەکانی لیڤەرپوول لە 39 خاڵدا وەستا و لە پلەی شەشەمی ریزبەندییەکەدا مایەوە.
 
هالاندیش گەڕایەوە سەر رێچکەی گۆڵکردن کە بۆ ماوەیەکی زۆر لە گۆڵکردن لە پرێمەرلیگ دوورکەوتبووەوە، بەو پێیەی لە 8 یاری رابردووی سیتیزندا تەنیا 2 گۆڵی تۆمارکردبوو، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێستا بە 21 گۆڵ لە لووتکەی ریزبەندی گۆڵکارانی پرێمەرلیگدایە.