مانچێستەر یونایتد پاڵەوانی ئەورووپا دەکاتە ئامانج



رووداو دیجیتاڵ

لویس ئێنریکی، راهێنەری ئیسپانیی یانەی پاریس سانجێرمان بووەتە جێگەی بایەخی یانە گەورەکانی ئەورووپا و مانچێستەر یونایتد دەیەوێت ئەو راهێنەرە لە داهاتوودا بکاتە راهێنەری تیپەکەی، سەرەڕای ئەوەی یانە فەرەنسییەکە هەوڵ بۆ هێشتنەوەی دەدات.
 
لویس ئێنریکی، راهێنەری ئیسپانی و یانەی پاریس سانجێرمان یەکێکە لە داواکراوترین راهێنەرانی جیهان. سەرکەوتنەکانی ئەو راهێنەرە لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە سەرنجی زۆر یانەی ئەورووپای بەلای خۆیدا راکێشاوە و زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت لوچۆ لەسەر کورسی راهێنەرایەتیکردنی تیپەکانیان بێت.
 
ئەو راهێنەرە تەمەن 55 ساڵە پابەندە بەو بەڵێنەی بە یانەکەی داوە. گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان تاوەکو 15ـی مانگی 6ـی 2027 بەردەوام دەبێت و ئارەزووی تەواوکردنی ماوەی گرێبەستەکەی دەکات.
 
بەرپرسانی پاریس سانجێرمان دەیانەوێت بە زووترین کات گرێبەستەکەی بۆ ماوەی سێ ساڵی دیکە و تاوەکو ساڵی 2030 درێژبکەنەوە. میدیاکانی فەرەنسا ئاماژە بەوە دەکەن ئێنریکی بۆ ئەو پێشنیازە گڵۆپی سەوزی هەڵکردووە، لەکاتێکدا راهێنەرەکە پێشتر رایگەیاندبوو ئەگەری لە پاریس سانجێرمان بڕوات.
 
سەرەڕای ئەو هەوڵانەی یانە فەرەنسییەکە، میدیاکانی ئینگلتەرا باس لەوە دەکەن یانەی مانچێستەر یونایتد چاوی لە تواناکانی ئەو راهێنەرەیە. بەرپرسانی یونایتد دەیانەوێت دەستبەرداری بیرۆکەی گۆڕینی راهێنەری تیپەکەیان ببن، ئەگەرچی مایکڵ کاریک تاوەکو ئێستا ئەنجامەکانی باشن و چوار یاریی رابردووی لەسەریەک بردووەتەوە.
 
لویس ئێنریکی وەک بەربژێرێکی سەرەکی بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانە ئینگلیزییەکە دیاریکراوە. جێبەجێبوونی ئەم هەنگاوە پەیوەستە بە بارودۆخی داهاتووی یانەکە و بڕیاری کۆتایی راهێنەرە ئیسپانییەکە، جگە لەوەش دۆخی یانەی مانچێستەر یونایتد دوای کۆتاییهاتنی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ.