بارسێلۆنا ئامادەیە دەستبەرداری 3 ئەستێرەی هەرە دیاری ببێت
رووداو دیجیتاڵ
یانەی بارسێلۆنا ئامادەیە سێ ئەستێرەی هەرە دیاری بفرۆشێت ئەگەر پارەیەکی باش بکەن، تەنانەت ئامادەیە دەستبەرداری رافینیای بەرازیلی ببێت، ئەگەر یانەیەک هەبێت بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ بیکڕێت.
کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی بڕیارێکی یەکلاکەرەوەی لەبارەی داهاتووی چەند یاریزانێکی سەرەکیی تیپەکەی داوە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە یانە دەوڵەمەندەکانی خولی سعودی چاویان بڕیوەتە ئەستێرەکانی یانە کەتەلۆنییەکە.
بەگوێرەی راپۆرتێکی پێگەی Fichajes، یانەی بارسێلۆنا بڕیاری داوە لە مێرکاتۆی هاوینەی داهاتوودا گوێ لەو دەستەوارانە بگرێت کە بۆ سێ یاریزانی سەرەکیی تیپەکە پێشکەش دەکرێن. ئامانج لەم هەنگاوە، ئەنجامدانی گۆڕانکاریی گەورە و گواستنەوەی چەند یاریزانێکی نوێیە بۆ بەهێزکردنی پێکهاتەکەی هانزی فلیک.
ئەو سێ یاریزانەی ناویان لە لیستی فرۆشتندایە بریتین لە:
1 - ژول کۆندێی فەرەنسی
2 - دانی ئۆلمۆی ئیسپانی
3 - رافینیای بەرازیلی
رافینیا؛ گرانترینیانە
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە رافینیا، کاپتنی یانەکە و یەکێک لە کۆڵەکەکانی هێرشبەری، ئامانجی سەرەکیی یانەکانی سعودیە و پرێمەرلیگە. بارسێلۆنا ئامادە نییە بەکەمتر لە 100 ملیۆن یۆرۆی سافی دەستبەرداری ببێت.
هەرچەندە ئەو یاریزانە ئەم وەرزە لە ئاستێکی بەرزدایە، بەڵام بەهۆی ئەوەی کە تەمەنی 28 ساڵە کارگێڕیی یانەکە بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە بەنرخێکی پێوانەیی، بۆ ئەوەی یاریزانێکی گەنجتر بگوازنەوە کە لەگەڵ لامین یامالدا دووانەیەکی هێرشبەری بۆ داهاتوو پێکبهێنن.
کۆندێ و ئۆلمۆش بۆ فرۆشتنن
سەبارەت بە ژول کۆندێی بارگریکاری فەرەنسی، بارسا تەنیا لە حاڵەتێکدا دەستبەرداری دەبێت کە یانەیەکی گەورەی ئەورووپا بڕی 80 ملیۆن یۆرۆ بخاتە سەر مێزی گفتوگۆکان. دانی ئۆلمۆش کە بەم دواییە پەیوەندی بە یانەکەوە کردووە، ناوەکەی لە لیستی ئەو یاریزانانەدایە کە ئەگەری رۆیشتنیان هەیە ئەگەر دەستەوارەی سەرنجڕاکێشیان بۆ بێت.
هاوسەنگیی دارایی
ئەم هەنگاوەی بارسێلۆنا لە چوارچێوەی هەوڵە چڕەکاندایە بۆ رێکخستنەوەی باری دارایی یانەکە و پابەندبوون بە یاساکانی 'یاریی دارایی خاوێن' کە لەلایەن دەستەی خولی ئیسپانییەوە سەپێنراوە.
رافینیا پێش نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە مانگی ئایاری رابردوو، زۆر نزیک بوو لە پەیوەندیکردن بە یانەی هیلالی سعودی، بەڵام لە کۆتاییدا بڕیاری مانەوەی دا و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 نوێکردەوە. ئێستا جارێکی دیکە دەرگاکان بەڕووی رۆیشتنیدا کراونەتەوە، بەڵام ئەمجارە بەمەرجی دارایی قورس.