لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی.. لووتکەیەک بۆ دوو ئامانجی جیاواز

 
رووداو دیجیتاڵ

یاریی لووتکەی گەڕی 24ـی پرێمەرلیگ بەڕێوەدەچێت، هەردوو یانەی لیڤەرپوول و مانچێستەر سیتی بە دوو ئامانجی جیاواز رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
 
یارییەکە کاژێر 19:30 لە یاریگەی ئانفیڵد بەڕێوەدەچێت، لیڤەرپوول لە پلەی شەشەمی ریزبەندی خولەکەیە و چوار خاڵ لە چێڵسی پێنجەمەوە دوورە، نایەوێت جیاوازییەکەیان بەو شێوەیە بمێنێتەوە و پێویستییەکی زۆری بەبردنەوەی سێ خاڵە بۆ ئەوەی لە پلەکانی پێشەوە دوورنەکەوێتەوە.
 
یانەی مانچێستەر سیتی دووەمی ریزبەندی خولەکەیە، دوای بردنەوەی ئارسیناڵ لە ساندەرلاند جیاوازیی یەکەم و دووەم بووەتە 9 خاڵ، بۆیە جگە لە بردنەوە هەر ئەنجامێکی دیکەی ئەم یارییە لە بەرژەوەندی مانچێستەر سیتی نییە.
 
مانچێستەر سیتی هاوشانی ئارسیناڵ خاوەنی بەهێزترین هێڵی هێرشبەرە، 49 گۆڵی تۆمارکردووە و ئێرلینگ هالاند گۆڵکاری ئەم وەرزەی خولەکەیە بە 20 گۆڵ، جگە لەوەش دووەم بەهێزترین هێڵی بەرگریی هەیە.
 
لیڤەرپوول دەیەوێت پشت بە یاریگە و هاندەرانی، ئەزموونی سەڵاح و ئاستی ئیکیتیکێ ببەستێت بۆ ئەوەی سێ خاڵی یاریی لووتکە بباتەوە.
 
رێدز بە دۆڕان لە یارییەکەدا زیاتر لە پلەکانی پێشەوە دووردەکەوێتەوە و ئەرکیشی بۆ رکابەریکردن لەسەر گەیشتن بە خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا قورستر دەبێت، بۆ مانچێستەر سیتیش دۆڕان لە یارییەکە وەکو لەدەستدانی نازناو لێکدەدرێتەوە، چونکە جیاوازییەکەیان لەگەڵ ئارسیناڵ بۆ 9 خاڵ بەرزدەبێتەوە.