ئێمباپێ بەتەنیایە و ریال مەدرید ئەرکی قورسە
رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید دەچێتە مێستایا و بەدوای بردنەوەی سێ خاڵدا دەگەڕێت بۆ ئەوەی لە بارسێلۆنای پێشەنگی ریزبەندی خولی ئیسپانیا دوورنەکەوێتەوە.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی 23ـی خولەکەدا، کاژێر 23:00 ریال مەدریدی دووەمی ریزبەندی خولەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرامبەر یانەی ڤالێنسیا یاریی دەکات و چاوی لە بردنەوەی سێ خاڵی دیکەیە، چونکە جگە لەوە جیاوازیی بارسێلۆنا لەگەڵ یانەکە زیاد دەبێت و یانەی شاهانە لە رکابەرییەکە دووردەکەوێتەوە.
رۆژی شەممە ریال مەدرید دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، جود بێلینگهام، رۆدریگۆ گۆس و ئێدیر میلیتاو بەشدارییان لە مەشقەکانی یانەکەدا نەکرد و بەهۆی پێکانەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن، ڤینیسیۆس جونیۆر بە کەڵەکەبوونی کارتە زەردەکانەوە یاریی ناکات، کەواتە کیلیان ئێمباپێ لەبەردەم ئاڵنگارییەکی زەحمەتدایە بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی ریال مەدرید بکات بۆ بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە.
یانەی ڤالێنسیا لەنێو یاریگە و هاندەرانی یاریی دەکات، بەردەوام یارییەکانی بەرامبەر ریال مەدرید زەحمەتبووە، ئەوان هاوشێوەی ریال مەدرید لە جامی شا کراونەتە دەرەوە، دەیانەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانیان وەربگرن بۆ ئەوەی بەبردنەوە لە ریال مەدرید قەرەبووی کرانە دەرەوەیان بکەن، بۆیە چاوەڕواندەکرێت یارییەکە بۆ هەردوولا زەحمەت بێت.
لە دوایین شەش یاریی نێوان هەردوو یانەدا، ڤالێنسیا دوو یاریی بەرامبەر ریال مەدرید بردووەتەوە، دوو جار دۆڕاوە و جارێک یەکسانبوون، یارییەکەی ئەمشەو بۆ هەردوولا ئاسان نابێت.