دانبەخۆداگرتنی پێرێز بەرامبەر ئەستێرەیەکی ریال مەدرید کۆتاییهات

رووداو دیجیتاڵ

 

فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریال مەدرید ئارامی لەسەر ئەستێرەیەکی نەماوە و بیر لە فرۆشتنی دەکاتەوە.
 
ریال مەدرید لە قۆناخی پێداچوونەوەدایە سەبارەت بە یەکێک لە گرنگترین گرێبەستەکانی وەرزی رابردووی.
 
مەبەست لە بەرگریکاری لاوی ئیسپانی، دین هاوسنی تەمەن 20 ساڵە، کە دەستی کردووە بە دروستکردنی گومان لە ناو یانەی ریال مەدرید، بەهۆی خراپیی ئاستی.
 
دین هاوسن لە یانەی بۆرنمۆسەوە بەبڕی 62.5 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە ریال مەدریدەوە کرد، کە ئەمە بڕە پارەیەکی زەبەلاحە بۆ یاریزانێک لە تەمەنی ئەودا بێت.
 
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانە شاهانە، خۆی بەشێوەیەکی کەسی سەرپەرشتی گرێبەستەکەی کردووە، چونکە پێیوابوو کە ئەم بەرگریکارە توانای پێویستی هەیە بۆ ئەوەی لە 10 ساڵی داهاتوودا ببێتە یاریزانێکی سەرەکی و کاریگەر لە ریال مەدرید، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئاستی یاریزانەکە لە یەکەم وەرزی لەگەڵ ریال مەدرید نەگەیشتە ئاستی چاوەڕوانییەکان.
 
ماڵپەڕی Fichajes ئاماژەی بەوە کردووە کە نیگەرانییەکان لە ناو ریال مەدرید سەبارەت بە گەشەکردنی هاوسن روو لەزیادبوونە، دوای ئەوەی چەندین هەلی پێدرا بۆ سەلماندنی تواناکانی خۆی لە هێڵی بەرگریدا، بەڵام جێگیرنەبوونی ئاستی لە یارییەکاندا بووەتە هۆی دروستبوونی گفتوگۆی ناوخۆیی دەربارەی داهاتووی.
 
چاودێرییەکی وردی ئاستی هاوسن کراوە، بەڵام هەڵەکانی لە ساتە یەکلاکەرەوەکاندا، سڵکردنەوە لە هەندێک رووبەڕووبوونەوەدا و نەبوونی متمانە لە کاتی دابەشکردنی تۆپدا، وایکردووە هەمیشە  لە میدیاکانەوە رەخنەی لێبگیرێت.
 
لەو چوارچێوەیەدا، پێرێز دەستی کردووە بە درککردن بەوەی کە لەوانەیە کڕینی ئەم یاریزانە لە کاتێکی پێشوەختەدا ئەنجام درابێت، و ئێستا دەترسێت بەهای بازاڕیی ئەم بەرگریکارە لاوە دابەزێت ئەگەر لە مانگەکانی داهاتوودا ئاستی باشتر نەکات.