خاوەنی ئینتەرمەیامی مووچەی مێسی لەگەڵ یانەکە ئاشکراکرد
رووداو دیجیتاڵ
خۆرخی ماس، خاوەنی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکی ژمارەی راستەقینەی مووچەی لیۆنێل مێسی لەگەڵ یانەکەی ئاشکراکرد، دووپاتیکردەوە ئەو ئەفسانەیە شایستەی هەر دۆلارێکە کە وەریدەگرێت.
ماس رایگەیاندووە مووچەی مێسی ساڵانە لە نێوان 60 تاوەکو 70 ملیۆن یۆرۆیە.
وەک سەرۆکی یانەکە ئاشکرایکردووە، ئەو پارەیەی بە کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەدرێت، تەنیا وەک مووچەی یاریزانەکە نییە، بەڵکو 'چەپکێک وەبەرهێنان'ە، کە مووچەی یاریزانە و پشکی داهاتووی لە خاوەندارێتی یانەکە دەگرێتەوە و بەوەش ئەو یاریزانە دەبێتە خاوەنی دووەم بەرزترین مووچە لە جیهاندا، پاش کریستیانۆ رۆناڵدۆ کە 300 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە لە نەسڕی سعودی وەردەگرێت.
ماس دەڵێ، "مێسی شایستەی هەموو دۆلارێکە کە وەریدەگرێت، چونکە ئەو هەڵسوڕێنەری ئەو بازە گەورەیەیە کە لە خولەکەدا دروستبووە".
بەپێی لێکدانەوەی پسپۆرانی 'سپۆرتیکۆ' پێشبینی بەرزبوونەوەی بەهای یانەی ئینتەرمەیامی بەڕێژەی 22 لەسەد دەکەن، بەوەش بەهای یانەکە دەبێتە 1،25 ملیار یۆرۆ و یانەکە دەبێتە دەوڵەمەندترینی هەموو ئەمریکای باکوور.
بەپێی ئەوەی ئاشکراکراوە، 55 لەسەدی داهاتەکانی یانەکە لە گرێبەستی سپۆنسەرەکان و دەستەوارە بازرگانییە جیهانییەکانەوە دێت. تەنیا 2 لەسەد لە مافی گواستنەوەی یارییەکان. هەروەها بەشێکی لە داهاتەکەی لە گرێبەستی کۆمپانیای 'نیو هۆڵدینگز'ەوە دێت کە یاریگەی نوێی یانەکە دروستدەکات.
ئینتەرمەیامی بەهۆی گرێبەستکردن لەگەڵ مێسی و بوونی یاریزانانی دیکەی یانەکە، بازێکی گەورەی داوە و بۆ یەکەمجار یانەکە وەک پاڵەوانی خولی ئەمریکا، لەلایەن دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە پێشوازیی لێکرا، کە ئەوە رووداوێکی دانسقەی مێژووی یانەکەیە.
مێسی بڕیارە تاوەکو 2027 کاتێک تەمەنی دەبێتە چل ساڵ، لەیارییکردن لەگەڵ یانەکە بەردەوام بێت و دواتریش دەبێتە "هاوبەشی خاوەن پشک'ی یانەکە.