بەهۆی هێرشەکانی ئێرانەوە یاریزانێک کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
یاریزانێکی پێشووی تۆپی پێی کوێت و یانەکانی سالمییە و قادسیە لە ئەنجامی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر کوێت کوژرا.
وەزارەتی ناوخۆی کوێت هەواڵەکەی پشتڕاستکردووەتەوە و دەڵێت "وەزارەتی ناوخۆ ماتەمینی بۆ لەدەستدانی دوو ئەفسەری بە ناوەکانی لیوا عەقید عەبدوڵڵا عیماد شەرەح و فەهد عەبدولعەزیز مەجد کە هەردووکیان ئەندامی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی ئاسایشی سنووری وشکانی بوون، سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانی خۆیان لە چوارچێوەی ئەو ئەرکەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە پێیان سپێردرابوو شەهید بوون."
وەزارەتی ناوخۆی کوێت زیاتر دەڵێت "وێڕای دەربڕینی خەم و پەژارەی قووڵی خۆمان بۆ گیانلەدەستدانی هەردووکیان، دووپاتیدەکەینەوە کارمەندانی ئاسایشی وڵاتەکەی بەوپەڕی بوێری و خۆبەخشییەوە ئەرکی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بەردەوامدەبن."
یانەی سالمیەی کوێتی پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت "بە خەم و پەژارەیەکی قووڵەوە، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجومەنی کارگێڕیی یانەی سالمییە و هەموو ئەندامانی یانەکە، پرسە و سەرەخۆشیی خۆیان ئاراستەی بنەماڵەی هەردوو شەهید و گەلی کوێت دەکەن، بۆ کۆچی دوایی هەردوو شەهید: رائید فەهد عەبدولعەزیز مەجد، یاریزانی یانەی سالمییە و موقەدەمی روکن عەبدوڵڵا عیماد شەراح، کە لە کاتی جێبەجێکردنی ئەرکی نیشتمانیدا شەهید بوون. لە خوای گەورە داواکارین بە رەحمەتی خۆی شادمان بکات و جێگایان بەهەشتی بەرین بێت، سەبووری و دڵنەوایی بە بنەماڵە و کەسوکاریان ببەخشێت. إنا لله وإنا إليه راجعون."
یانەی عەرەبیی کوێتی بەو بۆنەیەوە پەیامێکی بڵاوکردووەتەوە و نووسیوویەتی "یانەی وەرزشی عەرەبی پرسە و سەرەخۆشی خۆی بۆ کۆچی دوایی، مەیجر فەهد عەبدولعەزیز مەجمد یاریزانی پێشووی یانەی سالمیە و قادسیە دەکات."
فەهد مەجد، لە دایکبووی 1992ـە، لە کاروانی یارییکردنیدا لە یانەکانی سالمیە و قادسیە یارییکردووە، دوای وازهێنانیشی لە یارییکردن چووەتە نێو وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەکەی و بووەتە کارمەندی ئاسایشی پاراستنی سنووری وشکانیی وڵاتەکەی."