رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ بۆ تۆپی پێی کوردستان و عێراق، یانەی دهۆک رۆژێکی مێژووییە و یانەکە یاریی کۆتایی جامی کەنداو ئەنجامدەدات.
یەکلاکردنەوەی جامی کەنداوی یانەکان، بە دوو یاریی دەبێت، یاریی چوونی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە لەنێوان هەردوو یانەی قادسیەی کوێتی و دهۆکی کوردستانی دەبێت و یاریی یەکەمیان لە کوێت بەڕێوەدەچێت.
ئەمڕۆ ئێوارە کاژێر 19:45 لەسەر یاریگەی محەممەد حەمەد بەڕێوەدەچێت، هەردوو تیپ رۆژی دووشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا و بۆ یەکەمجار لە مێژوودا رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی "ئێمە ئامادەین بۆ یارییەکە، متمانەمان بەخۆمان هەیە و هیچ گوشارێکمان لەسەر نییە، دەمانەوێت بەشێوازی خۆمان یاری بکەین و چاومان لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە."
ژیلیکۆ پێترۆڤیچ، راهێنەری یانەی قادسیەی کوێتییە و لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یارییەکە گوتی ""دەستکەوتێکی گەورە و جوانە بۆ ئەو ناوانەی گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی، قادسیە و دهۆک، قادسیە یەکێک لە بەنێوبانگترین یانەکانی کوێتە بۆیە ئاساییە دەستکەوتی هەبێت. لە هەمانکاتدا دڵخۆشم و رێزێکی زۆرم بۆ دهۆک هەیە، دەستکەوتی ئەوان گەورەترە، بەو پێیەی قادسیە لە بەنێوبانگترین یانەکانی کوێتە، بەڵام لە هەمانکاتدا گەیشتنی قادسیە بۆ یاریی کۆتایی سوپرایزە، بەو پێیەی بودجەی قادسیە زۆر کەمە بەبەراورد بە یانە بەشداربووەکانی پاڵەوانێتییەکە، دەتوانین بڵێین هەشت بۆ نۆ جار کەمترە."
کاروانی یانەی دهۆک لە جامی کەنداودا
یانەی دهۆک، یەکەم یانەیە لە مێژووی تۆپی پێی کوردستان و عێراقدا دەگاتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، یانەکە لەم وەرزەدا بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتووە و هاندەرە زۆرەکانی ئەو یانەیە بوونەتە باسی گەرمی کەنداو و رێکخەرانی پاڵەوانێتییەکە و تیپەکەی مەسعود میراڵ، بە تاکتیکە سەرنجڕاکێشەکەی و هاندەرە بالکێشەکانی هەمووانی بەلای خۆیدا راکێشاوە.
دهۆک لە جامی کەنداودا، 8 یاریی ئەنجامداوە، 4 بردنەوە، 3 یەکسانبوون و 1 دۆڕاندنی هەیە، ئەلهویێن چیا 12 گۆڵیان تۆمارکردووە، 6 گۆڵیان لێکراوە و لە 4 یارییدا محەممەد ساڵح، گۆڵپارێزی یانەکە گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە و ئێستا رکابەری لەسەر بردنەوەی خەڵاتی باشترین گۆڵپارێزی پاڵەوانێتییەکە دەکات.
کاروانی یانەی قادسیە لە جامی کەنداودا
یانەی قادسیەی کوێتی، لە یانە بەنێوبانگەکانی کوێت، وڵاتانی عەرەبی و کەنداوە، پێشتر دووجار نازناوی جامی پاڵەوانێتییەکەی بەدەستهێناوە، یانەکە ئەزموونێکی زۆری لە پاڵەوانێتییەکانی دەرەوەدا هەیە و دەیەوێت جارێکی دیکە ببێتەوە پاڵەوان، سەرەڕای ئەوەی کە یانەکە لەم وەرزەی خولی کوێتدا، ئەنجامەکانی وەکو پێویست نین.
قادسیە لە 8 یاریی جامی کەنداودا، 3 بردنەوە، 4 یەکسانبوون و 1 دۆڕانی هەیە، یانەکە 11 گۆڵی تۆمارکردووە، 7 گۆڵی لێکراوە و لە 3 یارییدا گۆڵەکەی بە خاوێنی راگرتووە.
هەزاران هاندەری دهۆک لە کوێت دەبن
لەو کاتەوەی هەردوو یانەی دهۆک و قادسیە گەیشتوونەتە یاریی کۆتایی جامی کەنداو، هەزاران هاندەری دهۆک چاوەڕێی یارییەکە دەکەن و دەیانەوێت بچنە کوێت بۆ ئەوەی لە یاریگەدا پاڵپشتیی یانەکە بکەن.
درەنگانی شەوی دووشەممە بەشێکی هاندەرانی یانەی دهۆک بە دڵخۆشییەکی زۆرەوە گەیشتنە سەر سنووری عێراق و کوێت و لە یارییەکەی ئەمڕۆدا لە یاریگەدا ئامادەدەبن.
لەبارەی ئامادەبوونی هاندەرانەوە مەسعود میراڵ، راهێنەری یانەی دهۆک بە رووداوی گوت "بەداخەوە بەهۆی ئەوەی رێگەکان داخراون، ژمارەیەکی زۆری هاندەری ئێمە ناتوانن بێنە یاریگە، دەنا دەکرا 10 هەزار هاندەر بێنە یاریگە و ئەگەر ئەوە ئەورووپا بووایە 50 هەزار هاندەر ئامادەدەبوون."
جگە لەوەش پارێزگاری دهۆک لەگەڵ ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسی پارێزگاکە چوونەتە کوێت بۆ ئەوەی لە یارییەکەدا پاڵپشتیی ئەلهویێن چیا بکەن، عەلی تەتەر، پارێزگاری دهۆک بە رووداوی گوت "ئەو هاندەرانەی رێگەی دوور دەبڕن و دێنە کوێت بۆ پاڵپشتیکردنی یانەکەیان، قەرزێکیان لەسەر ئێمە هەیە و خەرجیی سەرجەم بلیتەکانی تایبەت بە یانەی دهۆک بۆ هاندەران لە ئەستۆ دەگرێت."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ