ژمارەکانی لیڤا، دۆرتمۆندی تۆقاندووە


رووداو دیجیتاڵ

ژمارەکانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی، هێرشبەری پۆڵەندیی یانەی بارسێلۆنا، ترسی خستووەتە نێودڵی هاندەرانی بۆرووسیا دۆرتمۆند، لە کاتێکدا لیڤا و تیپەکەی سبەی شەو لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، رووبەڕووی ئەو یانە ئەڵمانییە دەبنەوە.
 
بارسێلۆنا لە نێو یاریگەی مۆنتوجویک، لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، میوانداریی بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەکات، بەرلەوەی هەردوو یانە، هەفتەی داهاتوو لە سیگناڵ ئیدۆنا پارک بەیەکبگەنەوە.
 
هەرچەندە لیڤا پێشتر لەریزەکانی دۆرتمۆندەوە دەرکەوتووە و درەوشاوەتەوە، بەرلەوەی روو لە بایرن میونشن و پاشان بارسێلۆنا بکات و یادەوەریی خۆشی بۆ هاندەرانی یانەکەی دروستکردووە، بەڵام هەمووجارێک کە رووبەڕووی ئەو یاریزانە دەبنەوە، هەست بەدڵەڕاوکە دەکەن.
 
لیڤاندۆڤسکی لە 2014 بۆرووسیا دۆرتمۆندی بەرەو بایرن میونشن بەجێهێشت و لەوکاتەوە 27 جار بەرامبەر یانەکەی پێشووی یارییکردووە.
 
سەرجەم ئەو یارییانەی لیڤا بەرامبەر یانە کۆنەکەی ئەنجامیداون، بەدرێسی دۆرتمۆندەوە بووە، تەنیا یەک یاریی نەبێت کە بەدرێسی بارسێلۆناوە بووە، کاتێک لە قۆناخی یەکەمی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵدا هەردوو یانە رووبەڕووی یەکبوونەوە و بارسا بە 3 - 2 گۆڵ سەرکەوتنی بەدەستهێنا.
 
لەسەرجەم رووبەڕووبوونەوەکانیدا بەرامبەر یانە کۆنەکەی، لیڤاندۆڤسکی 20 بردنەوەی بەسەر دۆرتمۆنددا بەدەستهێناوە، کە ئەوە دووەم زۆرترین بردنەوەیە لیڤا بەسەر یانەیەکدا بەدەستی دەهێنێت لە پاش ڤێردەربرێمەنەوە.
 
لیڤا تەنیا شەش شکست و یەک یەکسانبوونی بەرامبەر تیپەکەی پێشووی خۆی هەیە.
 
میدیای ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، لیڤا لە کۆی 27 یاریدا بەرامبەر دۆرتمۆند، 27 گۆڵیشی تۆمارکردووە.
 
بەپێی ئەوەی سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەڵمانیا ئاماژەیان پێداوە، "لیڤا هەموو کات دووپاتیدەکاتەوە کە ئەو پیشەگەرانە و بەبێ سۆز کاردەکات، دەزانێ دەبێ بۆ تیپەکەی چی بکات و چۆن بەرگری لە درێسەکەی بکات، بەکورتییەکەی، ئەو هۆڤێکی دڕندەیە".
 
سەرچاوەکان دەڵێن، لیڤا ئێستا بەدرێسی بارساوە، تەنیا یەک ئەرک جێبەجێدەکات، ئەویش هەوڵدان بۆ سەرخستنی تیپەکەی.
 
لیڤاندۆڤسکی کاروانی یارییکردنی لە زنیچی پۆڵەندییەوە دەستپێکردووە، پاشان روویکردووەتە لیخ پوزنان و ساڵی 2010 چووەتە بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی و چوار وەرز لە ریزەکانی ئەو یانەیە یارییکردووە.
 
لیڤاندۆڤسکی 103 گۆڵی بۆ بۆرووسیا دۆرتمۆند تۆمارکردووە، هەروەها 42 ئەسیستی هەیە لە کۆی 187 یاریدا لەگەڵ دۆرتمۆند.