بایرن لە بێرنابیۆ لە ریال مەدریدی بردەوە و نۆیەر باشترین بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی بایرن میونشن، کۆتایی بە چاوەڕوانیی هاندەرانی هێنا و لەنێو یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆ لە یانەی ریال مەدریدی بردەوە و هەنگاوێکی گرنگ لە گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ نزیکبووەوە.
 
لە یاریی چوونی قۆناخی هەشتی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، یانەی ریال مەدرید لە یاریگەی خۆیدا میوانداریی یانەی بایرن میونشنی کرد و یارییەکەی دۆڕاند.
 
لە سەرەتای یارییەکەدا هەردوو تیپ چەند هێرشێکیان بردە سەر گۆڵی یەکدی، بەرگریکارانی ریال مەدرید چەند هەڵەیەکیان کرد، بەڵام یاریزانانی بایرن میونشن سوودیان لێ وەرنەگرت.
 
بەر لە تەواوبوونی نیوەی یەکەم بە چەند خولەکێک لویس دیاز، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ بایرن میونشن تۆمارکرد، نیوەی یەکەمی یارییەکە لە بەرژەوەندی باڤارییەکان تەواو بوو.
 
لەگەڵ دەستپێکردنی نیوەی دووەمی یارییەکە، هاری کەین بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی ئاندرێ لونینی هەژاند و بایرن بووە خاوەنی دوو گۆڵ، ئەوە ریال مەدریدی خستە نێو دۆخێکی خراپەوە.
 
دوای ئەو دوو گۆڵە، خاوەن یاریگە گوشارەکانی زیاتر کرد و هێرشی زۆری بردە سەر گۆڵی میوانەکەی، بەڵام مانوێل نۆیەر لە رۆژی خۆیدا بوو و زۆرینەی هێرشەکانی بەباشترین شێوە دوورخستەوە.
 
لە خولەکی 74 کیلیان ئێمباپێ ئەنجامەکەی بۆ ریال مەدرید کەمکردەوە و گۆڵێکی بۆ یانەکە تۆمارکرد، دوای ئەوەش یانەی شاهانە زۆر هەوڵیدا ئەنجامەکەی راستبکاتەوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوو.
 
بایرن میونشن یارییەکەی بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردەوە و نیوەی رێگەی لە دەرەوەی یاریگەی خۆی بەرەو قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ بڕی.
 
لە 9 یاریی بەر لەم رووبەڕووبوونەوەیە، بایرن میونشن هیچ یارییەکی لەنێو بێرنابیۆ نەبردبووەوە 2 یەکسانبوون و 7 دۆڕانی هەبوو، کەواتە ئەمە یەکەم بردنەوەی ئەڵمانییەکانە لەنێو بێرنابیۆ لە دوای ئەنجامدانی 10 یاریی.
 
کیلیان ئێمباپێ، دوای ئەو گۆڵەی بەرامبەر بایرن میونشن تۆماریکرد، ژمارەی گۆڵەکانی گەیاندە 14 گۆڵ و گۆڵکاری ئەم وەرزەی چامپیۆنزلیگە، هاری کەین لە پلەی دووەمە بە تۆمارکردنی 11 گۆڵ.
 
دوای ئەم دۆڕانە، ئەلڤارۆ ئەربێلوا لە 19 یارییدا 6 یاریی وەکو راهێنەری ریال مەدرید دۆڕاندووە، لەکاتێکدا پێشتر چابی ئەلۆنسۆ لە 35 یارییدا ئەو ژمارە دۆڕانەی هەبوو.
 
بەهۆی ئەو ئاستە بەرزەی لە یارییەکەدا پێشکێشیکرد، مانوێل نۆیەر، گۆڵپارێزی یانەی بایرن میونشن بەباشترین یاریزانی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 
ریال مەدرید هەفتەی داهاتوو دەچێتە ئالیانز ئارێنا، یاریی مان و نەمان دەکات بۆ مانەوە لە چامپیۆنزلیگدا و لە دوایین 3 یارییدا کە لەو یاریگەیە ئەنجامیدابێت هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە.