بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ یاریی لووتکە دەکەن و سیمیۆنی پلانی ئاگرینی هەیە
رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید بۆ جاری پێنجەم لەم وەرزەدا رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا دەکەن.
لە دووەم شەوی قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ، کاژێر 22:00 یانەی بارسێلۆنا لەنێو یاریگە و هاندەرانی میوانداریی ئاتلێتیکۆ مەدرید دەکات، ئەمە پێنجەم یاریی هەردوو یانەیە لەم وەرزەدا و رکابەری لەسەر بڕینی نیوەی رێگە بەرەو قۆناخی داهاتوو دەکەن.
رۆژی سێشەممە یاریزانانی بارسێلۆنا دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانیان بۆ یارییەکە ئەنجامدا، رافینیا بەهۆی ئەو پێکانەی تووشی بووە بەشداری لە یارییەکەدا ناکات، فرێنکی دی یۆنگ هێشتا بەتەواوی بۆ یارییکردن ئامادەنییە و فلیک لە تواناکانی ئەو دوو یاریزانەی بێبەش دەبێت.
ئاتلێتیکۆ مەدریدیش رۆژی سێشەممە دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکەی دیێگۆ سیمیۆنی بۆ یارییەکە لە تواناکانی پابلۆ باریۆس بێبەش دەبێت، بەڵام چاوی لەوەیە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنێت بۆ ئەوەی لە رکابەریکردن لە چامپیۆنزلیگدا بەردەوامبێت.
بەپێی هەواڵێکی رۆژنامەی سپۆرتی کەتەلۆنی، دیێگۆ سیمیۆنی هەوڵی راگرتنی لامین یامال دەدات و داوای لە یاریزانەکانی کردووە، لە یارییەکەدا هەوڵبدەن دەماری ئەو یاریزانە بگرن بۆ ئەوەی کارتی زەردی پێبدرێت و بەو شێوەیە لە یاریی گەڕانەوەدا یاریی نەکات.
چامپیۆنزلیگ، سێیەم پاڵەوانێتیی جیاوازە هەردوو یانە لەم وەرزەدا تێیدا رووبەڕووی یەکببنەوە، پێشتر هەر لەم وەرزە دووجار لە لالیگادا یارییانکردووە، بارسێلۆنا لە یاریگەی خۆی بە 3-1 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و چوار رۆژ لەمەوبەریش لە یاریگەی ئاتلێتیکۆ مەدرید بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک بردنەوەیەکی دیکەی تۆمارکرد.
لە جامی شای ئیسپانیا، هەردوو تیپ لە قۆناخی پێشکۆتاییدا رووبەڕووی یەکبوونەوە، لە یاریی چووندا ئاتلێتیکۆ مەدرید 4-0 بردییەوە، بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەدا 3-0 بردییەوە، بەڵام رۆخی بلانکۆس بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە گەیشتە یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
لە وەرزی 2024-2025 ئاتلێتیکۆ مەدرید لە دەرەوەی یاریگەی خۆی لە بارسێلۆنای بردووەتەوە، ئەوە یەکەم بردنەوەی رۆخی بلانکۆسە لە یاریگەی بارسێلۆنا لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا.
بەشێوەیەکی گشتی هەردوو تیپ 127 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، بارسێلۆنا خاوەنی 71 بردنەوەیە، 23 یاری لە بەرژەوەندیی ئاتلێتیکۆ مەدرید کۆتاییهاتووە و 33 جاریش هەردوو تیپ یەکسانبوون.