لووتکەی پاریس و لیڤەرپوول دوایین هەل دەبێت بۆ ئارنێ سڵۆت

 
رووداو دیجیتاڵ

لە یارییەکی لووتکەی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەورووپا، هەردوو یانەی لیڤەرپوولی ئینگلیزی و پاریس سانجێرمانی ئینگلیزی بە بیرەوەریی رکابەرییەکەی وەرزی رابردوو رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی دەکەن.
ئەمشەو یاریی چوونی قۆناخی هەشت، کاژێر 22:00 لە یاریگەی پارک دی پرێنس بەڕێوەدەچێت، رێدز بە دۆخێکی خراپدا تێدەپەڕێت، یانەکە دوایین یاریی پرێمەرلیگی دۆڕاندووە، چوار رۆژ لەمەوبەریش لە یاریی قۆناخی هەشتی ئێف ئەی کەپ، بەرامبەر مانچێستەر سیتی چوار گۆڵی لێکرا و کرایە دەرەوە، بۆیە بە ئەگەری زۆرەوە چامپیۆنزلیگ دوایین هەلی ئارنێ سڵۆت دەبێت بۆ مانەوە لەسەر کورسی راهێنەرایەتیکردنی یانە ئینگلیزییەکە.
 
لە یارییەکەی ئەمشەودا ئەلیسۆن بیکەر، کۆنۆر برادلی، واتارۆ ئیندۆ، ستیفان باجێکتیک بەهۆی پێکانەوە لەگەڵ سوور پۆشەکان نابن، کە ئەوەی لە هەمووان کاریگەرترە بەشدارینەکردنی گۆڵپارێزە بەرازیلییەکەیە.
 
یانەی پاریس سانجێرمان، پاڵەوانی وەرزی رابردووە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی بە ئارامییەکی زۆرەوە بچێتە ئینگلتەرا و پارێزگاری لە هەنگاوەکانی بکات بۆ مانەوە لە رکابەرییەکەدا و نزیکبوونەوە لە پارێزگاریکردن لە نازناوەکەی.
 
پی ئێس جی لە 9 یاریی رابردوودا لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، یانەکە لە قۆناخی رابردووی چامپیۆنزلیگ، یانەی چێڵسی ئینگلیزیی بە ئەنجامی هەردوو یاریی چوون و گەڕانەوە بە 8-2 کردە دەرەوە و ئەمجارەش رکابەرەکەی هەر ئینگلیزییە.
 
بۆ یارییەکەی ئەمشەو لویس ئێنریکێ بەهۆی پێکانەوە لە تواناکانی برادلی بارکۆلا بێبەش دەبێت، بەڵام هێڵێکی هێرشبەری بەهێزی بە سەرکردایەتیی عوسمان دێمبێلێ، دێزری دۆوێ و خڤیچا کڤاراتسخێلیا ئامادەیە و چاوی لە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە.
 
وەرزی رابردوو هەردوو یانە لە قۆناخی شازدەی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی یەکبوونەوە، لیڤەرپوول لە دەرەوەی یاریگەی خۆی 1-0 لە پاریس سانجێرمانی بردەوە، بەڵام دوای ئەوە لە یاریی گەڕانەوەدا پاریس سانجێرمان بەلێدانەکانی یەکلاکەرەوە بە 5-1 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و پاشانیش تاوەکو بردنەوەی نازناوەکە نەوەستا.
 
بەشێوەیەکی گشتی هەردوو یانە فەرەنسی و ئینگلیزییەکە 6 یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، هەریەکەیان خاوەنی 3 بردنەوەن و هیچ یارییەکیان بەیەکسانبوون تەواو نەبووە.