ئاتلێتیکۆ مەدرید لە کامپ نو لە بارسێلۆنای بردەوە و لە پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ نزیک دەبێتەوە

رووداو دیجیتاڵ

ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوتنێکی گەورەی بەرامبەر رکابەرەکەی بارسێلۆنا بە ئەنجامی 0-2 بەدەستهێنا، لەو یارییەی کە لە نێوان هەردوو تیپەکەدا لە چوارچێوەی یاری چوون لە قۆناخی هەشتی چامپیۆنزلیگ بەڕێوەچوو.
 
یارییەکەی بارسێلۆنا و ئاتلێتیکۆ مەدرید لە یاریگای کامپ نو ئەنجامدرا، بەڵام ئاتلێتیکۆ مەدرید توانی سەرکەوتنێکی سەرنجڕاکێش لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستبهێنێت.
 
یارییەکە ململانێیەکی بەهێز بوو لە نێوان هەردوو تیپەکەدا، راشفۆرد و لامین یامال زیاتر لە دەرفەتێکی مسۆگەریان بۆ بارسا لەدەستدا.
 
بەڵام کەمێک پێش فیکەی کۆتایی نیوەی یەکەم، کوبارسی یاریزانی بارسێلۆنا بە کارتی سوور دەرکرا، دوای ئەوەی رێگری لە جولیانۆ سیمیۆنی کرد کاتێک خەریک بوو بە تەنیا بەرەو گۆڵ بچێت.
 
ناوبژیوان لێدانێکی راستەوخۆی بۆ ئەو فاوڵە هەژمار کرد، جولیان ئەلڤارێز جێبەجێی کرد و بە لێهاتووییەوە گۆڵی یەکەمی ئاتلێتیکۆ مەدریدی تۆمار کرد.
 
لە نیوەی دووەمدا بارسێلۆنا هەوڵی گەڕانەوەی دا، بەڵام رووبەڕووی بەرگرییەکی رێکخراوی ئاتلێتیکۆمەدرید بووەوە کە پشتی بە هێرشی پێچەوانە بەستبوو.
 
لە یەکێک لەو هێرشانەدا، بە دیاریکراوی لە خولەکی 70دا، ئەلێکساندەر سۆرلۆس گۆڵی دووەمی ئاتلێتیکۆمەدریدی تۆمار کرد.
 
ئاتلێتیکۆ مەدرید سەرکەوتنێکی گەورەی لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەدەستهێنا، کە وای لێدەکات بە ئارامییەکی زۆرەوە بچێتە یاری گەڕانەوە لە یاریگای واندا میترۆپۆلیتانۆ.
 
ئاتلێتیکۆ پێویستی بە بردنەوە، یەکسانبوون، یان دۆڕان بە جیاوازی 1 گۆڵ هەیە بۆ ئەوەی بلیتێکی سەرکەوتن بۆ یاریی پێشکۆتایی بەدەستبهێنێت.
 
لە کاتێکدا بارسێلۆنا پێویستی بە هەوڵێکی زۆرە و دەبێت بە جیاوازی 3 گۆڵ سەربکەوێت بۆ ئەوەی سەرکەوتن بۆ قۆناخی داهاتوو مسۆگەر بکات.
 
لە لایەکی دیکەوە، یانەی پاریس سانجێرمان توانی سەرکەوتن بەرامبەر یانەی لیڤەرپوول بەدەستبهێنێت بە ئەنجامی 2-0. پاریسییەکان بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوتن و توانییان سوود لە هەڵەکانی بەرگری لیڤەرپوول وەربگرن بۆ تۆمارکردنی گۆڵەکانیان. ئەم ئەنجامە پێگەی پاریس لە یاری گەڕانەوەدا بەهێز دەکات، لە کاتێکدا لیڤەرپوول پێویستی بەوە دەبێت لە یاریگای خۆیدا هەموو هەوڵێکی بدات بۆ قەرەبووکردنەوەی ئەنجامەکە و گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو.