هەولێر میوانداری نەفت دەکات و چاوی لە سەرکەوتنێکی دیکەیە

رووداو - هەولێر

بە ئومێدی بەدەستهێنانی بردنەوەیەکی دیکە و مانەوە لە پێشەنگی خولی نایابی عێراقدا، یانەی هەولێر سبەی میوانداری یانەی نەفت دەکات.

یانەی هەولێر لە یارییەکەدا لە تواناکانی هەڵگورد مەلا محەمەد و بورهان سەهیۆنی بێبەش دەبێت و دەستەی مەشقدانی تیپەکە بڕوای وایە یارینەکردنی ئەو دوو یاریزانە لە هەلی بردنەوەی یارییەکە کەم ناکەنەوە.

یانەی هەولێر چاوی لە بڕینی یانەی نەفتە بۆ قایم کردنی پێگەی لە پێشەنگی ریزبەندیی خولی تۆپی پێی یانە نایابەکانی عێراق. 

ئەم یارییە رۆژی هەینی کاژێر ٤ی ئێوارە لە ناو یاریگای فەڕەنسۆ هەریری پایتەختی کوردستان بەڕێوەدەچێت، یانەی هەولێر بە ورەیەکی بەرزەوە دوای وەرگرتنی پێشەنگی ریزبەندیی رکابەرییەکە بە ئامادەکاەییەکی زۆر چاویی لە تەواو کردنی یارییەکەیە لە بەرژەوەندیی خۆی. 

تیپەکەی پایتەختی کوردستان لەم یارییەدا بێ بەش دەبێت لە تواناکانی هەر دوو یاریزان هەڵگورد مەلا محەمەد و بورهان کە بەهۆی پێکانەوە لە تیپەکە دابڕاون، بەڵام یاریزانانەکانی دیکە بە ورەیەکی بەرز چاوییان سێ خاڵی یارییەکەیە. 

هاندەرانیش بەتامەزرۆییەوە چاوەڕێی رووداوەکانی یارییەکە و گێڕانی ئاهەنگی سەرکەوتن دەکەن. 

ئێستا یانەی هەولێر بە کۆکردنەوەی ٣١ خاڵ لە پێشنەنگی ریزبەندیی خولەکەدایە و سێ یاریی دواخراویشی ماوە، یانەی نەفتیش بە ٢٤ خاڵ لە پلەی حەوتەمدایە.