ڤیدیۆ؛ بنزیما و ئیتیحاد ریمۆنتادایان بەرامبەر رۆناڵدۆ و نەسڕ تۆمارکرد
رووداو دیجیتاڵ
لە یاریی لووتکەی خولی سعوودییە، یانەی ئیتیحاد ریمۆنتادای بەرامبەر یانەی نەسر تۆمارکرد و هەنگاوێکی دیکە لە بردنەوەی نازناوی خولی سعوودییە نزیک بووەوە.
یاریی نێوان هەردوویان لە یاریگەی ئەوەل پارک بەڕێوەچوو. دوای تەنیا دوو خولەک یاریکردن، سادیۆ مانێ گۆڵی پێشکەوتنی بۆ یانەی نەسری خاوەن یاریگە تۆمار کرد.
دوای ئەوە هێرشەکانی خاوەن یاریگە بەردەوام بوون، لە خولەکی سی و حەوت ئەیمەن یەحیا گۆڵی دووەمی خۆی و یانەی نەسری تۆمارکرد. نیوەی یەکەمی یارییەکە بە دوو گۆڵی بێ بەرامبەر لە بەرژەوەندیی یانەی نەسر کۆتایی هات.
لە سەرەتای نیوەی دووەمدا یانەی ئیتیحاد گوشاری زۆری خستە سەر گۆڵی نەسڕ، کەریم بێنزیما لە خولەکی چل و نۆ بە لێدانی سەر ئەنجامەکەی بۆ یانەی ئیتیحاد کەم کردەوە.
دوای چەند خولەکێکی کەم ئینگۆڵ و کانتی ئیتیحادی گەڕاندەوە نێو رکابەرییەکە و گۆڵی دووەمی بۆ یانەکە تۆمار کرد. خولەکێک بەر لەوەی فیکەی کۆتایی یارییەکە لێ بدرێت، یانەی ئیتیحاد لە رێگەی حوسام هەوارەوە گۆڵی سێیەمی تۆمار کرد.
یانەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆی ریمۆنتادایەکی مێژوویی تۆمار کرد و یارییەکە بە سێ گۆڵ بەرامبەر بە دوو گۆڵ لە یانەی نەسر بردەوە. بە بردنەوەی ئەم یارییە، یانەی ئیتیحاد بووە خاوەنی حەفتا و یەک خاڵ، ئێستا شەش خاڵ لە پێش یانەی ھیلالی دووەمی ریزبەندییە، چوار گەڕ رکابەرییەکانی ئەم وەرزەی خولی سعوودییە کۆتایی پێ بێت.
کەریم بنزیما وەرزێکی نموونەیی پێشکێشکردووە و لە نووسینەوەی مێژوو لە خولەکەدا بەردەوامبوو، ئەستێرە فەرەنسییەکە 19 گۆڵی لەم وەرزەدا تۆمارکردووە و 9 ئاسیستیشی کردووە.