یان سۆمێر.. ئەو شێف و نمایشکارەی بەیۆگا، خەونی بارسێلۆنای کوشت


رووداو دیجیتاڵ

یان سۆمێری گۆڵپارێزی یانەی ئینتەرمیلانی ئیتاڵی، ئەستێرەی شەوە مێژووییەکەی ئینتەرمیلان بوو کە سەرکەوتنی بەسەر بارسێلۆنای ئیسپانی بەئەنجامی 4 - 3 گۆڵ بەدەستهێنا و گەیشتە یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ.
 
سۆمێر، شێف و نمایشکاری جلوبەرگە، سەرنجی میدیاکانی بەلای خۆیدا راکێشا، کاتێک لە یاریی گەڕانەوەدا بەرامبەر بارسێلۆنا، پێنج گێڕانەوەی ناوازەی هەبوو و لە کۆتاییشدا بەباشترینی یارییەکە دەستنیشانکرا.
 
ئەو گۆڵپارێزە تەمەن 36 ساڵە، رۆڵێکی گرنگی هەبوو لە هەردوو یاریی تیپەکەی بەرامبەر بارسا. ئەو نمایشکاری جلوبەرگە هاوکات مۆزیسیان و شێفیشە.
 
ئەو بەوە ناسراوە کە خۆی بەنمایشکارێکی جلوبەرگ دادەنێت لە پاڵ کارە سەرەکییەکەیدا کە تۆپی پێیە، هەروەها زۆر شەیدای مۆزیکە و چێشتلێنەرێکی زۆر باشیشە و ئەو بەهرانە هەزاران هەواداریان لە سۆشیال میدیا، لەو کۆکردووەتەوە.
 
پیانۆ و گیتار ئەو دوو ئامیرەن کە سۆمێر ژیانی خۆی بۆ تەرخانکردوون، بەڵام ئەوە کاتێک کە سەرقاڵی چێشلێنان نەبێت.
 
گۆڵپارێزەکەی پێشووی بۆرووسیا میونشنگلادباخ دەڵێ، "لە تەمەنی 17 ساڵیدا ماڵم جێهێشت لەبەر تۆپی پێ، چێشتلێنان بۆ من کارێکی قورس بوو، چونکە من دەبوو یاریزانێکی پڕۆفیشناڵ بم، ئامادەکردنی خواردنی تەندروست رۆتینێکی ئاسایی ژیانم بوو، هەستمکرد کە کارەکە چێژبەخشە، ئیدی هەرچەند خواردنم ئامادە دەکرد، چێژم لێوەردەگرت".
 
ئەو گۆڵپارێزە سویسرییە، ساڵی 2023 بۆ ماوەیەک لە بایرن میونشنی ئەڵمانی بوو، دەبوو بۆشایی مانوێل نۆیەر پڕ بکاتەوە کە ئەوکات کاریدەکرد بۆ چاکبوونەوە لە پێکانێکی درێژخایەن. 
 
ئەگەرچی ئەو رۆڵی هەبوو لە هەندێک سەرکەوتنی تیپە باڤارییەکەدا، بەڵام دەبوو خۆی لە ژیان لەسایەی نۆیەردا رابهێنێت، تەنانەت کاتێک میونشن لەسەردەستی مانچێستەر سیتی لە چامپیۆنزلیگ دەرکرا، تۆماس توخێلی راهێنەری ئەوکاتی یانەکە ئاماژەی بەخاڵی لاوازی ئەودا و گوتی، ئەو نزیکەی 10 سانتیمەتر لە نۆیەر کورتترە.
 
سۆمەر لە ژیانی پیشەگەرانیدا هەڵبەز و دابەزی زۆری بینیوە، ئەو لە یۆرۆی 2020دا لێدانێکی سزای کیلیان ئێمباپێی گەڕاندەوە و هاوکاری سویسرابوو بۆ بردنەوە لە فەرەنسا لە پاڵەوانێتییەکەدا.
 
سۆمێر لەدوای یارییەکە، پەسندییەکی زۆری بەدەستهێنا، هەندێک لە میدیاکان بەبەربژێری گەورەی بەدەستهێنانی باڵۆندۆری ئەمساڵ ناویدەبەن.
 
ئەو لەبارەی نهێنیی ئاستی بەرزیەوە ئاماژەی بەوەداوە کە رۆژانە یۆگا دەکات و یۆگاش هاوکاریەتی بۆ ئەوەی بەئارامی و بەوردی بیر بکاتەوە.
 
ئەو گۆڵپارێزە دووپاتیکردووەتەوە هەمیشە تەنیا بایەخ بە پەرچەکردار نادات، بەڵکو زۆر بیری لای ئارامگرتن و راکردنە لە سترێس و رەخنەکان.
 
ئەو دەڵێ بەهۆی یۆگاوە پاش یارییەکان پشوویەکی باش دەدەم، ئارام دەبم، دوورمدەخاتەوە لە واتە واتەی خەڵک و میدیاکان و بەئارامی کاتی خۆم بەسەردەبەم.