چاوەڕواننەکراو.. ئەستێرەیەک ریال مەدرید رەتدەکاتەوە


رووداو دیجیتاڵ

دوای ئەو ئاستەبەرزەی لەگەڵ یانەکە لە وەرزی رابردووەوە پێشکێشیدەکات، بۆ گواستنەوەی ئەم هاوینە چاوی زۆری لەسەرە و زۆرن ئەوانەی دەیانەوێت بزانن لە وەرزی داهاتوودا لە کام یانە و خول و دەبێت.
 
فلۆریان ڤیرتز، ئەو ئەستێرەیە ئەڵمانییەیە کە لە یانەی بایرلیڤەرکوزن یاریی دەکات و بە ئەگەری زۆرەوە وەرزی داهاتوو لە دەرەوەی ئەو یانەیە دەبێت و ئەزموونێکی نوێ تاقیدەکاتەوە.
 
فلۆریان لەلێدوانێکی رۆژنامەڤانیدا دەڵێت "زۆر حەزدەکەم شوێنی پشوودانەکەم بگۆڕم و شتێکی نوێ تاقیبکەمەوە، من بەباشی ژووری جلگۆڕین دەناسم و دڵنیام بە خێراترین ماوە دەتوانم شوێنی خۆم لە هەر جێگەیەک بکەمەوە."
 
یاریزانە 22 ساڵەکە زیاتر دەڵێت "رێزی زۆر لەو یاریزانانە دەگرم کە خانەوادە و شوێنەکانیان لەپێناو کاروانە پیشەگەرییەکەیان بەجێدەهێڵن."
 
ڤیرتز لەبارەی داهاتووی خۆیەوە گوتی "من بەبەختم لەکاتێکدا زۆر یانەی گەورە بەدوای مندا دەگەڕێن و دەتوانن یاری بۆ باشترین یانەکان بکەم، چ لەسەر ئاستی ئەڵمانیا یان ئەورووپا."
 
بەپێی هەواڵی رۆژنامەی بیڵدی ئەڵمانی، فلۆریان ڤیرتز، بە چابی ئەڵۆنسۆی راهێنەری یانەی بایرلیڤەرکوزنی گوتووە، نایەوێت پەیوەندی بە ریال مەدرید و مانچێستەر سیتییەوە بکات، بەڵکو چاوی لەوەیە بچێتە یانەی بایرن میونشن، لەکاتێکدا گرێبەستەکەی لەگەڵ لیڤەرکوزن لە 2027 کۆتاییدێت و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا ئیسپانییەکان بڵاویانکردەوە، کە ئەڵۆنسۆ دەیەوێت ئەو یاریزانە لەگەڵ خۆی بباتە ریال مەدرید.
 
بەشێکی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا دەڵێن، لە بنەڕەتدا ریال مەدرید گرنگی بە گواستنەوەی فلۆریا نادات، بەتایبەت کە نرخی زۆر بەرزە و یانەکە ئامادەنییە 100 ملیۆن یۆرۆ یان زیاتر بە یاریزانێک بدات.
 
ئەستێرە لاوەکەی ئەڵمانیا و لیڤەرکوزن دەڵێت "لایەنی دارایی بەلای ئەوەوە شتی لاوەکین و بەدڵنیاییەوە پێویستە ئەو گرێبەستەی واژۆی دەکات لە رووی وەرزشییە باش بێت و ئەوە بەلای ئەوەوە گرنگترین شتە نەک پارە."
 
فلۆریان ڤیرتز تەمەنی 22 ساڵە و نرخی ئێستای لە بازاڕی گواستنەوەدا 140 ملیۆن یۆرۆیە، یانەی بایرن میونشنە بۆیە دەیەوێت ئەو یاریزانە بگوازێتەوە، تۆماس مولەری 35 ساڵ بڕیاریداوە لە کۆتایی ئەم وەرزەدا لە بایرن میونشن بڕوات، بەڵام دیارنییە رۆیشتنەکەی وازهێنانی یەکجاری دەبێت یان پەیوەندی بە یانەیەکی دیکەوە دەکات.