یانەی لایپزیگ دەیەوێت گرێبەست لەگەڵ کوڕەکەی ئەنچێلۆتی بکات
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشكرایانکردووە، داڤیدی ئەنچێلۆتی، کوڕی کارلۆ ئەنچێلۆتی راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، داواکراوە لەلایەن یانەی لایپزیگەوە، لە کاتێکدا ئەو یانەیە دەیەوێت کەسێکی دیکە بەڕاهێنەری تیپەکەی دەستنیشان بکات.
یانەی لایپزیگ بەشوێن راهێنەرێکی نوێدا دەگەڕێت، سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئەڵمانیا ئاشکرایانکردووە، دایدی ئەنچێلۆتی، یەکێکە لە بژاردەکانی یانەکە، ئەگەر لەگەڵ هیچ راهێنەرێکی دیکەدا نەگاتە رێکەوتن.
یانەکە هەروەها بیر لە سیسک فابریگاس و ئۆلیڤەر گلاسنەر دەکاتەوە، داڤیدی کە یاریدەدەری راهێنەری ریال مەدریدە، بژاردەی سێیەمی یانەکەیە.
داڤیدی تەمەنی 35 ساڵە، ماوەی 12 ساڵە وەک یاریدەدەری باوکی کاردەکات، لە یانەکانی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی، بایرن میونشنی ئەڵمانی، ناپۆلی ئیتاڵی، ئیڤێرتۆنی ئینگلیزی و ریال مەدرید وەک یاریدەدەری راهێنەر کاریکردووە و گرێبەستەکەی لەگەڵ ریال مەدرید تاوەکو 2026ە.
هەرچی فابریگاسە، ئێستا راهێنەری یانەی کومۆی ئیتاڵییە. گلاسنەریش کە راهێنەری کریستاڵ پاڵاسی ئینگلیزییە، پێشتر پێشەوایەتی ئاینتراخت فرانکفۆرتی ئەڵمانی کرد بۆ بەدەستهێنانی نازناوی یۆرۆپالیگ لە ساڵی 2022.
لایپزیگ مەشقدانی یانەکەی بە زۆرلت لۆف داوە بەشێوەی کاتی، دوای دوورخستنەوەی مارکۆ رۆزەی راهێنەر لە پۆستەکەی.