خانمانی ئەڵمانیا یەکەم سەرکەوتنیان لە مۆندیال نووسییەوە

لە دووەم رۆژی جامی جیهانیی خانمان لە کۆمەڵەی دووەم، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا لە یاریی لووتکەی قۆناخی کۆمەڵەکان رووبەڕووی هەڵبژاردەی چین بووەوە.

بەهۆی تۆکمەیی بەرگریی گێمی یەکەم  هێرشبەرانی هەردوولا نەیانتوانی مەترسی بۆ سەر گۆڵی یەکدی دروست بکەن، بەڵام لە گێمی دووەم ئەڵمانییەکان ئاستێکی ناوازەیان پێشکەش کرد، دوای ئەوەی بەردەوامبوون لەسەر دروستکردنی پەستانی هێرشبردن، ئەوەبوو لە خولەکی 66، گوێلا گوین، گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئەڵمانیا تۆمار کرد.

هێرشبەرانی چین هەوڵی زۆریاندا بۆ یەکسانکردەوەی ئەنجامەکە، بەڵام تۆکمەیی بەرگریی ئەڵمانیا هەوڵەکانی هێرشبەرانی چینی مایەپووچ کرد، هەر بۆیە بەم ئەنجامە ئەڵمانیا یەکەم سی خاڵی لە کۆمەڵەکەی وەرگرت و بەشێوەیەکی کاتی بوو بە پێشەنگی کۆمەڵەی دووەم.

هەشتەمین لەبەرگیراوەی جامی جیهانیی خانمان، بە بەشداریی 24 هەڵبژاردە لە وڵاتی فەڕەنسا بەڕێوەدەچێت.


بە تۆمارکردنی ئەو گۆڵەی بەرامبەر هەلبژاردەی جین، هەڵبژاردەی ئەڵمانیا توانی ژمارەی گۆڵەکانی هاوتای ئەمریکای خاوەن ژمارەی پێوانەیی بکاتەوە کە لە مێژووی بەشداریکردنی لە مۆندیالی خانمان، 112 گۆڵی تۆمار کردووە.