ئایا لێدوانەکانی کریستیانۆ رۆناڵدۆ بۆ لێدان بوون لە مێسی؟

08-06-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنیل مێسی کریستیانۆ رۆناڵدۆ باڵۆندۆر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی یانەی نەسڕی سعودی، مشتومڕێکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، دوای لێدوانەکانی کە تیایاندا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت خەڵاتی باڵۆندۆر تەنیا بەو یاریزانە بدرێت کە لەهەمان وەرزدا نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە.
 
ئەم ستانداردە تووندە مشتومڕەکانی چۆنیەتی هەڵبژاردنی باشترین یاریزانی جیهانی زیندووکردەوە، ئەو پرسیارەی هێنایەوە ئاراوە کە ئایا تاوەکو چەند بەستنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر بە گەورەترین دەستکەوتی ئەورووپیەوە واقیعییە.
 
لێدان لە مێسی؟
 
لەوانەیە هەندێک هەندێک کەس ئەم لێدوانەی دۆن زیاتر وەک تەنیا بۆچوونێکی کەسی سەیر بکەن، بەڵام ئەگەر بەوردی سەرنج بدرێتە پێوەرەکەی رۆناڵدۆ، دەردەکەوێت کە بەشێوەیەکی ناڕاستەوخۆ ئاراستەی رکابەرە هەمیشەییەکەی لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی دەکات، کە 8 باڵۆندۆری بەدەستهێناوە، پێنجیان لەو ساڵانەدا بووە کە نازناوی چامپیۆنزلیگی نەبردووەتەوە.
 
کاردانەوەکان هەرزوو وەڵامێکی گاڵتەجاڕانەی فرانک ریبێری ئەستێرەی پێشووی بایرن میونشنیان لێکەوتەوە.
 
ریبێری لە ستۆری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە کۆمێنتێکدا دەڵێت "باشە، پێویستە نازناوی چامپیۆنزلیگ بەدەستبهێنیت بۆ ئەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر بەدەستبهێنیت!!".
 
لە سۆشیال میدیادا زۆر کەس بە پێکەنینێکی گاڵتەجاڕانە ئاماژە بەو شتە دەکەن کە لە ساڵی 2013 روویدا، کاتێک فرانک ریبێری پێنچ نازناوی بردەوە بە چامپیۆنزلیگیشەوە، کەچی باڵۆندۆر بە رۆناڵدۆ درا کە هیچ نازناوێکی نەبردبووەوە و تەنانەت هەڵبژاردەی پۆرتوگال بە یاریی پاشکۆ توانی بگاتە مۆندیالی 2014 کە کریس بەرامبەر سوێد هاتریکی تۆمارکرد.
 
لەو ساڵەدا رۆناڵدۆ خەڵاتی باڵۆندۆری بەدەستهێنا، سەرەڕای ئەوەی یانەی ریال مەدرید لە قۆناخی پێشکۆتایی چامپیۆنزلیگ لەسەر دەستی یانەی بۆرووسیا دۆرتموندی ئەڵمانی دەرکرا، هەروەها ریبێری نازناوی چامپیۆنزلیگی بەدەستهێنا، ئەمەش ئەوە دەردەخات یاریزانە پۆرتوگالییەکە خۆی ئەو خەڵاتەی بەپێچەوانەی ستانداردەکەوە بەدەستهێناوە.
 
ــ لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا لە 10 بۆنەدا ستانداردی رۆناڵدۆ جێبەجێ کراوە، براوەکان لە تیپی براوەی چامپیۆنزلیگەوە بوونە:
 
کاکا 2007 لەگەڵ میلان.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ 2008 لەگەڵ مانچێستەر یونایتد.
 
مێسی 2009، 2011 و 2015 لەگەڵ بارسێلۆنا.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ 2014، 2016 و 2017 لەگەڵ ریال مەدرید.
 
مۆدریچ  2018 و بنزیما 2022 لەگەڵ ریال مەدرید.
 
ــ بەڵام لە حاڵەتەکانی دیکەدا چەندین یاریزان سەرەڕای ئەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگیان بەدەست نەهێناوە، بەپشتبەستن بەهۆکارەکانی وەک ئاستی تاکەکەسی، نازناوی پاڵەوانێتییە ناوخۆییەکان، یان سەرکەوتنی نێودەوڵەتی باڵۆندۆریان بەدەستهێناوە. دیارترینی ئەم حاڵەتانە بریتین لە:
 
رۆناڵدینیۆ  2005 بەهۆی ئاستێکی سەرنجڕاکێشی تاکەکەسی.
 
کاناڤارۆ 2006 بەهۆی سەرکردایەتیکردنی ئیتاڵیا بۆ سەرکەوتن لە مۆندیال.
 
لیۆنێل مێسی 2010، 2012، 2019، 2021 و 2023 بۆ درەوشاوەیی ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی، بەتایبەتی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین.
 
کریستیانۆ رۆناڵدۆ 2013 بەهۆی زۆر تۆمارکردنی گۆڵ، سەرەڕای ئەوەی یانەی ریال مەدرید هیچ دەستکەوتێکی نەبوو.
 
ئەمەش ئەوە دەردەخات کە بەستنەوەی خەڵاتی باڵۆندۆر تەنیا بەبردنەوەی نازناوی چامپیۆنزلیگ پێوەرێکی سنووردارە کە بەتەواوی ئاڵۆزییەکانی هەڵسەنگاندنی "باشترین یاریزانی جیهان" نیشان نادات، بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی گرنگی پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەکان و دەستکەوتە ناوخۆییە تاکەکەسییەکان.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە